ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و هەرێمی کوردستانیش چاوی لەوەیە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی تێدا یەکلابکرێتەوە.
بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران کۆبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێت.
هەفتەی ڕابردووش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکرێت، بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە ڕادەستکردنی نەوت و 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ و تەوتینکردنی مووچە.
تا ئێستا هەولێر و بەغدا جەخت دەکەنەوە لەوەی دۆسیەی نەوت چارەسەرکراوە، بەڵام ئەوەی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە پرسی داهاتی نانەوتییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت 120 ملیار دینارەکە زۆرە و ناتوانێت ئەو بڕە بداتە بەغدا.
