بڕیارە سبەی سێ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو، تیایدا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ناردنی مووچەوە بدرێت.
میدیاكانی پارتی لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراق بڵاویانكردەوە، پرسی نەوت و خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سەرەکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە.
بڕیارە لە دانیشتنەکەی سبەینێدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم دوو پرسە بکرێت و هەوڵبدرێت بڕیاری پێویست لەسەریان بدرێت.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی باڵا ئەمڕۆ دوو شەممە ڕاگەیاند، دوو بڕگەی نوێ وەک پاشکۆ خراونەتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.
بە وتەی سەرچاوەکە، هەردوو بڕگەکە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراقە، یەکێکیان تایبەتە بە خستنەڕووی پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. بۆ ئەو مەبەستەش، راپۆرتێکی هاوبەش لەلایەن محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان پێشکەش دەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.
تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 6 و 7 و 8ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوودا تەنها یەك مووچەی مانگی 5 دابەش كراوە.
