وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، زۆربەی ئەو بۆیلەرانەی هاووڵاتییان لەژێر گەرماوی ماڵەکانیاندا بەکاریدەهێنن لەرووی تەکنیکییەوە کێشەیان هەیە و کارەبایەکی زۆریان پێویستە.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاندووە،و “زۆربەی ئەو بۆیلەرانەی هاوڵاتییان لەژێر گەرماوی ماڵەکانیاندا بەکاریدەهێنن بەفیڕۆدانێکی زۆری کارەبا و وزەیان هەیە، چونکە لە رووی تەکنیکییەوە کێشەیان هەیە و کارەبایەکی زۆریان پێویستە، تەنانەت هۆکارێکن بۆ دروستبوونی کێشەی تەندروستی”.
وتیشی، “لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەبارەی نرخی کارەباوە دراوە و پەسەندکراوە، دەبێت هاووڵاتییان ئاگاداربن تاوەکو کارەبا کەمتر بەکاربهێنن پارەی کەمتریان بۆ دێتەوە”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، دەبێت هاووڵاتییان هۆشیاربن لە بەکارهێنانی کارەبا، هەرکاتێک پێویستیان بە ئامێرێک نەبوو بیکوژێننەوە، تاوەکو بەفیڕۆدان کەم ببێتەوە و پارەی کەمتریان لەسەر هەژمار بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە پڕۆژەی رووناکی هیچ سنوورێک بۆ بەکارهێنان دیارینەکراوە، هاووڵاتییان چەندە کارەبا بەکاربهێنن کێشەی کوژانەوەی پێوەری کارەبایان نابێت.
