نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، دوای ڕووداوەکانی سوەیدا دەڵێت، حکومەتەکەی شەرع پێویستی بە بیرکردنەوە هەیە لە جێگرەوەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
مافی چارەی خۆنووسین، فیدراڵییەت و لامەرکەزییەت
ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” ئاشکرایکرد؛ تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، دوای ڕووداوەکانی سوەیدا ڕایگەیاندووە، ڕەنگە حکومەتی دیمەشق پێویستی بە سیستمێکی جێگرەوە هەبێت بۆ ناوەندێتی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بە گوێرەی چاودێران، جێگرەوەکان لە نێوان مافی چارەی خۆنووسین، فیدراڵییەت و لامەرکەزییەت دان.
ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” لە زاری نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، تۆم باراک، گواستییەوە؛ ڕەنگە دەسەڵاتی دیمەشق پێویستی بەبیرکردنەوە هەبێت لە سیستمێکی نوێی بەڕێوەبردن بۆ وڵات، لەبری ئەو “ناوەندێتی”یەی کە واشنتۆن دوای گەیشتنی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکایەتی پشتیوانی لێدەکرد.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، لێدوانەکانی باراک دوای ڕووداوەکانی سوەیدا و ئەو تاوانانە دێت کە تێیدا ئەنجامدران لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ڕاپۆرتەکان دەڵێن سەر بە هێزە ئەمنییەکانی سووریان، لە کاتێکدا دیمەشق لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە دەکات و پێیوایە ئەوانە خۆیان بە جلی فەرمی شاردبێتەوە یان بەشێوەی تاکەکەسی کاریان کردبێت.
بێ گوێدانە ڕاستییەکانی ئەوەی لەو پارێزگا بچووکەی باشووردا ڕوویداوە، ڕووداوەکانی سوەیدا و ئەو تاوانانەی پێشتر لە شارەکانی کەناراوەکان ڕوویاندا، وایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد، کە پاشەکشە بکات لە بیرۆکەی پشتگیریکردنی حکومەتێکی ناوەندی لە دیمەشق کە سووریا لە هەموو ئاستەکاندا بەڕێوەببات.
باراک جێگرەوەیەکی ڕوون و دیاریکراوی بۆ سیستمی ناوەندی پێشنیاز نەکردووە و وتی: “نەک یەکێتییەکی فیدراڵی، بەڵکو شتێکی نزیک لێیەوە، کە ڕێگە بە هەمووان بدات پارێزگاری لە کەرامەت و کولتوور و زمانی خۆیان بکەن بەبێ هەڕەشەی توندڕەوەکان، چونکە هەمووان دەیانەوێت ڕێگەیەکی ژیرانەتر بۆ بەڕێوەبردنی سووریا بدۆزنەوە.”
حکومەتی سووریا ماوەیەک لەمەوبەر باسی لە لامەرکەزییەتی ئیداری کرد وەک بژاردەیەک کە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکان و دامەزراوەکانیدا دەهێڵێتەوە، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی سنووردار دەدات بە ئیدارە خۆجێیەکان لە پارێزگاکان، بەمەش ڕێگری دەکات لە دەستکاریکردنی پێکهاتەی دەوڵەت و سەرچاوەی وەزارەت و یاساکانی.
کێشەکان و بژاردەکان
بە بڕوای ڕیاز درار، ڕاوێژکاری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات، کێشەکە لەوەدایە کە دیمەشق نایەوێت گفتوگۆ لەسەر شێوازی گونجاوی بەڕێوەبردنی وڵات بکات لە قۆناغی ئێستادا؛ فیدراڵییەت ڕەتدەکاتەوە و لە لامەرکەزییەتی سیاسی دەترسێت و نایەوێت گفتوگۆ لەسەر بژاردەکانی تر بکات.
لامەرکەزییەتی سیاسی لە چوارچێوەی ئیداری تێدەپەڕێت و دەسەڵاتی فراوانتر بۆ پارێزگاکان لەخۆدەگرێت لە بواری مافی چارەی خۆنووسین و بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئەمەش واتە دیمەشق چیتر سەرچاوە نابێت لە پەیوەندییە دەرەکییەکان و دۆسیە سەروەرییە جیاوازەکاندا.
درار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ئیندپێندێنتی عەرەبیی” پێشنیازی دەستپێکردنی دیالۆگێک دەکات سەبارەت بە کێشەکانی “ناوەندێتی” کە وڵات دەیان ساڵە پەیڕەوی دەکات و لە ڕێگەی دیاریکردنی ئەم کێشانە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، دەکرێت بگەنە باشترین شێواز بۆ جێبەجێکردنی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی نوێدا بەرەو داهاتوویەکی باشتر.
ڕاوێژکارەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەهێزکردنی ڕۆڵی ئیدارەی پارێزگاکان بۆ ئەوەی ببنە وەک وەزارەتی خۆجێی، ڕەنگە گونجاو بێت، دەشکرێت لەسەر شێواز و سنوورەکانی لە ڕێگەی دیالۆگێکی نیشتمانییەوە ڕێکبکەون کە لە دیمەشق لەژێر چەتری دەوڵەتدا ببەسترێت و وەزیرەکان لەگەڵ نوێنەرانی ناوچە جیاوازەکاندا تێیدا بەشداربن.
ئەوەی حکومەتی سووریا لەم بارەیەوە قبوڵی کردووە، کە تا ئێستاش بە تەواوی ڕوون نییە، بە وتەی درار، بە فشاری ئەمریکا بووە، بەڵام ئەم فشارە ناگاتە ئاستی پێویست، هەروەها دیمەشق بە ئەنقەست کات دەکوژێت سەبارەت بەم پرسە.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕاوێژکارەکە جەختی لەوە کردەوە، کۆنفرانسی ڕەققە کە بڕیار بوو، لە ٢٥ی ئاب بەڕێوەبچێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنەما دەستوورییەکانی دەوڵەت، بە داوای ئەمریکا دواخراوە بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی نێوان “هەسەدە” و دیمەشق بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ١٠ی ئازاری ڕابردوودا لە نێوانیاندا واژۆ کرا.
چارەی خۆنووسین
لە سوەیدا، کە ڕووداوەکانی بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە هەڵوێستی ئەمریکادا، پارێزەر ئەیمەن شەهابەدین دەڵێت: “لامەرکەزییەت” خۆی بووەتە بەشێک لە ڕابردوو دوای ئەو “کۆمەڵکوژییەی” کە پارێزگاکە لە مانگی تەموزی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووەوە.
شەهابەدین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ئیندپێندێنتی عەرەبیی” ئاماژە بەوە دەکات کە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان، جگە لە مەرجەعییەتی ئایینی لە پارێزگاکەدا، پێش ڕوودانی “کۆمەڵکوژییەکە” داوای لامەرکەزییەتیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ چیتر داواکارییەکی جەماوەری و چارەسەرێکی قبوڵکراو نییە بۆ خەڵکی سوەیدا بە گشتی.
بە وتەی شەهابەدین، لەگەڵ ١٤ پارێزەری دیکە لە پارێزگاکەدا، داواکارییەکیان پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ مافی چارەی خۆنووسین لەسوەیدا، کە “ئامانجێکە خەڵکی پارێزگاکە لە دەوری کۆبوونەتەوە و بە تاکە جێگرەوەی دەزانن دوای ئەوەی تووشی دەستدرێژی و کوشتن و سووتاندن و هاندانی میدیایی و سیاسی بوونەتەوە.”
بەگوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان لە ڕووداوەکانی سوەیدا لە ١٣ی تەموزی ڕابردووەوە گەیشتووەتە ١٧٠٩ کەس، کە زۆربەیان لە کەمینەی درووزن و ژمارەیەک ژن و منداڵ و ئەندامانی هۆزە بەدەوییەکانیش لەنێویاندان، لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووس کە لە کاتی پێکدادانەکانی پارێزگاکەدا گیانیان لەدەستدا.
پێش سوەیدا، تاوانی هاوشێوە لە شارەکانی کەناراوی سووریا لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ڕوویاندا، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا ڕاپۆرتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند؛ کە ئەو کارانەی لەوێ ئەنجامدراون ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ.
لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی “ڕۆیتەرز” کوژرانی ١٤٧٩ هاووڵاتی سووری لە کەمینەی عەلەوی و ونبوونی دەیان کەسی دیکە لە ٤٠ شوێنی جیاوازدا لە کاتی ڕووداوەکانی کەناراوەکاندا پشتڕاست دەکاتەوە، کە تێیدا کوشتنی تۆڵەسەندنەوە و بێسەروبەری ئەمنی و تاڵانکاری بەرامبەر کەمینەیەکی ئایینی ئەنجامدرا کە ماوەیەکی درێژ بوو ناویان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە بەسترابووەوە.
دوای تاوانەکانی کەناراوەکان، غەزال غەزال، سەرۆکی “ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوی لە سووریا و تاراوگە”، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی لە “چارەسەرە سیاسییە ڕیشەییەکان بکەن کە لەسەر بنەمای سەپاندنی پارێزگاری نێودەوڵەتی یان جێبەجێکردنی خۆبەڕێوەبەری یان فیدراڵییەت لە ناوچەکانی کەناراوی سووریا دامەزراون.”
غەزال وتی: “ئەنجومەنەکە جەخت لەسەر مافی عەلەوییەکان دەکاتەوە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییان.
دووپاتیشی کردەوە، کە کەمینەکە پابەندە بە چارەسەرە ئاشتیانە و دیموکراتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانیان و پاراستنیان لە سڕینەوە و پەراوێزخستن، کە ئەمانە داواکاری ڕەوا و بژاردەی دادپەروەرانەن بۆ ئەوان.”
