ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، پێکهاتە و کەمینەکان لە سووریا لە ناوەندگەرایی دەترسن و دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی سوەیدا دەیانەوێت بەرەو ئۆتۆنۆمی هەنگاو بنێن.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە؛ دیمەنی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەڕوات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەنێو کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکاندا زیاتر دەبن و داواکارییەکان بۆ ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزییەت بەرز دەبنەوە، دوای ئەو شەپۆلە توندوتیژییە خوێناوییەی کە شاری سوەیدای گرتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، تۆماس باراک، دوای کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا دانی بەوەدا ناوە کە ڕەنگە سووریا پێویستی بە گەڕان بێت بەدوای جێگرەوەیەک بۆ دەوڵەتی ناوەندیی توند.
باراک لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: “نەک فیدراڵییەت، بەڵکو فۆرمولەیەکی کەمتر لەوە، کە ڕێگە بە هەمووان بدات پارێزگاری لە بوون و کولتوور و زمانی خۆیان بکەن، بەبێ هەڕەشەی ئیسلامیزم، پێموایە هەمووان ئێستا دەڵێن کە دەبێت ڕێگەیەکی ژیرانەتر بدۆزرێتەوە.”
بە بڕوای ڕۆژنامەکە، هەستی نامۆبوون و دڵەڕاوکێ لەو ناوچانەی کە کەمینەکانی تێدا نیشتەجێن، وەک شارۆچکەی عەرنەی درووزنشین لە بناری چیای شێخ، ڕوو لە زیادبوونە، کە دانیشتووانەکەی پێیان باشە لە سنووری گوندەکەی خۆیاندا بمێننەوە لە ترسی تووشبوون بە توندوتیژی یان جیاکاری.
زۆرێک هەست دەکەن کە حکومەتە نوێیەکەی سووریا بە سەرکردایەتی سوننەی ئیسلامی هەڕەشەیەکە بۆ سەریان، دوای ئەوەی کە هیواکان لەسەر قۆناغێکی جیاواز بوون دوای لابردنی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە داواکارییەکان بۆ ئۆتۆنۆمی تەنها لەلایەن درووزەکانەوە نەبووە، بەڵکو لە کەناراوەکانی سووریاشدا دەرکەوتوون کە کەمینەی عەلەویی تێدا نیشتەجێیە، و لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتیش کە کوردەکانی لێیە.
لە کاتێکدا کە هێشتا بەشێکی بەرفراوانی سوورییەکان پەیڕەوی لە دیدگای شەرع دەکەن کە بریتییە لە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز کە لە دیمەشقەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کەلێنەکە لە نێوان حکومەت و کەمینەکاندا کە لە داهاتوو و بوونی خۆیان دەترسن، قووڵتر دەبێتەوە.
لە سوەیدا، شارێک کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن، ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس لە ڕووداوگەلێکدا کە کاری دڕندانەیان تێدا ئەنجامدرا لەلایەن چەکدارانی لایەنگری حکومەتەوە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی، بەگوێرەی ڕۆژنامەکە.
ڕۆژنامەکە ڕوونیکردەوە، شارەکە تا ئەمڕۆش لە گۆشەگیریدا دەژی، دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەت دەروازەکانیان داخستووە، لە کاتێکدا کە کەمبوونەوەیەکی توند لە خۆراک و ئاودا هەیە، و دانیشتووانەکەی خۆپیشاندان دەکەن و داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن و داوای پارێزگاری لە ئیسرائیل دەکەن کە لە کاتی شەڕەکاندا هێرشی ئاسمانیی دژی هێزەکانی سووریا ئەنجامدا.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی ئینتیقالی، هەر جۆرە قسەیەک لەبارەی دابەشکردنی سووریا یان دامەزراندنی کانتۆنی ناوخۆیی بە توندی ڕەتکردەوەو لە وتارێکدا کە میدیای فەرمی بڵاویکردەوە وتی: “هەندێک کەس ئارەزووی دابەشکردنی سووریا و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کانتۆنی ناوخۆییان هەیە، بەڵام لە ڕووی لۆژیکی و سیاسی و ژیربێژییەوە ئەمە مەحاڵە.”
ڕۆژنامەکە پێیوایە کە شەرع ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی مەترسیدار دەبێتەوە لە هەوڵەکانیدا بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی حکومەتەکەی و پلانەکانی بۆ “بوژانەوەی نیشتمانی دوای شەڕی ناوخۆیی”، بەتایبەتی کە ڕووداوە توندوتیژییە ترسناکەکان زاڵبوون بەسەر دیمەنی سیاسییدا و لەبری ئاساییبوونەوە، نیگەرانیی زیاتر دروست دەکەن، بە وتەی حاید حاید، توێژەر لە پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگای چاتام هاوس.
واشنتۆن پۆست ڕاپۆرتەکەی بەوە کۆتایی پێدەهێنێت کە دابەشبوونی ڕوو لە زیادبوون لە نێوان حکومەتی نوێی سووریا و کەمینەکاندا ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر لە داهاتووی وڵاتەکەدا، لەگەڵ پرسیاری زیاتر لەبارەی ئەوەی کە ئایا سووریا دەتوانێت لەژێر دەسەڵاتێکی ناوەندیی یەکگرتوودا بمێنێتەوە.
