شەرع: بە مەرجێک ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەکەین

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بوونی گفتوگۆیەکی “پێشکەوتوو”ی لەبارەی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان دیمەشق و تەلئەبیب پشتڕاستکردەوە.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ شاندێکی میدیایی عەرەبی کە سەردانی دیمەشقیان کردبوو، شەرع ڕایگەیاند: “هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل تەنها لەسەر بنەمای هێڵی ئاگربەستی ساڵی ١٩٧٤ دەبێت.”

سەرۆکی سووریا وتی: “گفتوگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو،” ئاماژەی بەوەشکرد کە “هەلی ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئیسرائیل گەورەترە لە هەلی شکستخواردنی، بەڵام لە ئێستادا ئاشتییەکی گشتگیر نییە، ئەگەر ئاشتی خزمەت بە سووریا و ناوچەکە بکات، ئەوا دوودڵ نابم لە واژۆکردنی.”

شەرع جەختی لەسەر “یەکپارچەیی خاکی سووریا و ڕەتکردنەوەی بوونی هەر چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت” کردەوە.

پێشتر کەناڵی ١٢ی عیبری بڵاویکردەوە؛ کە ئیسرائیل و سووریا لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی نوێ نزیکبوونەتەوە بە نێوەندگیری ئەمریکا و سەرپەرشتی وڵاتانی کەنداو، لە هەنگاوێکدا کە تا ماوەیەکی نزیک وەک خەیاڵ دەبینرا.

بەگوێرەی کەناڵەکە، ئامانج لە ڕێککەوتنەکە “سەقامگیری سووریایە دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕی ناوخۆیی، و کەمکردنەوەی هەڕەشەکان لەسەر سنوورەکانی باکوور، و دوورخستنەوەی دیمەشقە لە میحوەرە شیعەکەی کە ئێران سەرکردایەتی دەکات.”

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە