spot_imgspot_img

بەغدا، ئامادەکاری دەکات

 

بەغدا، خۆی بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی “لوتکەی عەرەبی بۆ بەرگری شارستانی و پاراستنی مەدەنی” ئامادە دەکات.

شاری بەغدا خۆی ئامادە دەکات بۆ بیستەمین خولی کۆنفرانسی “لوتکەی عەرەبی بۆ بەرگری شارستانی و پاراستنی مەدەنی”، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بە چاودێری سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگاکانی بەرگری شارستانی لە وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەبچێت.

 

نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە:”عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی بیستەمین خولی کۆنفرانسی لوتکەی عەرەبی بۆ بەرگری شارستانی و پاراستنی مەدەنی لە بەغدا، کە بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستی و تەکنیکییەکانی بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی دەزگاکانی پاراستن و بەرگری شارستانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە تەواو کردووە، کە بڕیارە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.”

 

شاکر ئاماژەی بەوەشکرد، “کۆنفرانسەکە لەژێر چاودێری سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شەمەری و سەرپەرشتی وردی بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی، لیوا مافپەروەر موحسن کازم عەلەک بەڕێوەدەچێت.”

هەروەها ڕوونیکردەوە؛ “عێراق یەکێکە لە دامەزرێنەرانی نووسینگەی عەرەبی بۆ پاراستنی مەدەنی لە تونس، کە لە یەکەم کۆنفرانسیدا لە نێوان ٢٣ و ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٨٧ بەشداریکردووە و لەوکاتەوە بەردەوامە لە گێڕانی ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕێگەی ئامادەبوونی بەردەوام و پێشکەشکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی کە بووەتە هۆی دەوڵەمەندکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی لەم بوارەدا”.

 

وتیشی؛ کە “بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی لە یازدەیەمین کۆنفرانسدا کە لە نێوان ٢٣ و ٢٦ی ئایاری ٢٠٠٧ بەڕێوەچوو، (نیشانەی شایستەیی باڵا) و بڕوانامەی ڕێزلێنانی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەب بەدەستهێنا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ بردنەوەی پلەی یەکەم لە بواری هۆشیاری خۆپارێزی، هەروەها لە پازدەیەمین کۆنفرانسی عەرەبیدا کە مەغریب لە نێوان ٢ و ٣ی ئەیلولی ٢٠١٥ میوانداری کرد، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق دەستکەوتێکی جۆری بەدەستهێنا بە وەرگرتنی سێ خەڵات لە پێشبڕکێی (دەستێوەردانی بەرگری شارستانی لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ)، کە خەڵاتی یەکەم سێ پۆستەر و خەڵاتی دووەم سێ بڵاوکراوە و خەڵاتی سێیەمیش بۆ فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بوو.”

 

شاکر ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پاراستنی مەدەنی) کردووە و ئامادەبوونێکی کاریگەری لە چالاکییەکانیدا هەبووە لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکان و پێشکەشکردنی وانەی ڕاهێنان، یەکێک لە دیارترین بەشدارییەکانی لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیدا، ڕێکخستن و میوانداریکردنی بیست و پێنجەمین خولی لە بەغدا بوو لە ماوەی نێوان ٢٦ی شوبات بۆ ١٢ی ئازاری ١٩٩٠، هەروەها لە ساڵی ١٩٨٦ وەک ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکار هەڵبژێردرا، پاشان وەک جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی لە یازدەیەمین خولیدا لە تونس لە ساڵی ١٩٩٤، هەروەها ژمارەیەک لە ئەفسەرانی بەرگری شارستانی عێراق میدالیای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پاراستنی مەدەنییان پێبەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە نایابەکانیان.”

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە “پەیوەندیکردنی عێراق بە نووسینگەی عەرەبی بۆ پاراستنی مەدەنی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، نیشاندەری پەرۆشییەتی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و بەردەوامبوون لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنیکییەکان لە بوارەکانی پاراستن و ڕزگارکردندا، هەروەها بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان. نموونەی ئەوەش ناردنی تیمی ڕزگارکەری عێراقی بوو بۆ تورکیا بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠٢٣، هەروەها وەڵامدانەوەی داواکاری سووریا بۆ یارمەتیدان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکانی لازقیە پێش دوو مانگ.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە