








بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و دارستان و ژینگەی سلێمانی، تیایدا هاتووە: دواى وەرگرتنى زانیارى و بەدواداچوون دەرکەوت لە چەند گوندێکى سنوورى شارەدێى ناڵپارێز دارى دارستانەکان بڕدراوە و بۆ مەبەستى خەڵوزکردن بەکار دەهێنرێن.
دەشڵێت: هەربۆیە مەفرەزەیەکى هاوبەىش پێکهێنرا لە نێوان (بەشى پۆلیسى دارستانى پێنجوێن، بنکەى پۆلیسى دارستانى ناڵپارێز، یاریدەدرێتى ئاسایشى ناڵپارێز) ئەم مەفرەزە هاوبەشە توانیان لە سنوورى هەریەک لە گوندەکانى (سەربەڵخە، بەردەبەلەک، دۆڵەچەوت، دۆڵە سوور) 26 کورەى خەڵوز کردن تێکبدەن کەلەلایەن سەرپێچیکارن ئامادەکرابوون، هەروەها توانیان دەستبگرن بەسەر 63 شەست و سێ فەردەخەڵوز دا لەگەڵ ژمارەیەک دارى بڕدراو کە بۆ خەڵوزکردن ئامادەکرابوون.
باسی لەوەشکرد: لە شوێنى خەڵوزکردنەکە هیچ کەسێک نەبینراوە، لە ئێستادا پەڕاوى لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایی لەلایەن دادوەرى لێکۆڵینەوە، هەروەها بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەى خاوەنى کورە خەڵوزەکان.
