سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختی کردەوە، هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دوا ناخرێت.
نوری مالیکی لە وتەیەکدا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەوادەی شەهیدان و برینداران، رایگەیاند؛ هەڵبژاردن مەرج و رێسای خۆی هەیە و گەشت و سەیران نییە، و دواخستنی دەبێتە هۆی کارەسات لە وڵاتدا.
دەشڵێت: عێراق سیستمێکی دیموکراسی حوکمی دەکات کە پشت بە ئیرادە و دەنگی هاووڵاتی و بەشداریی لە دروستکردن و جێگیرکردن و گۆڕینی سیستمەکەدا دەبەستێت.
مالیکی ستایشی رۆڵی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کرد لەوردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان و داوای لە گەلی عێراق کرد بەشداری لەم “مافە نیشتمانی و دەستوورییە”دا بکەن، چونکە بنەمای پێکهێنانی حکومەت و بەردەوامیی پرۆسەی سیاسییە.
وتیشی: عێراق وڵاتی ئێمەیە و ڕێگە نادەین هیچ کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەری، و بە رۆڵەکانییەوە بەهێزو سەنگین دەمێنێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی هاتنە ناو عێراقەوە، لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بوون کە دەیانویست وڵات و ڕۆڵەکانی لەناو ببەن.
