لە لیبیاوە 25 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە زیندان ئازاد کراون و دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد سەحاف، بەرپرسی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕِایگەیاند، سۆراغی ٢٥ کۆچبەری کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان کرد و توانیمان بیاندۆزینەوە و لەلای ئێمە پارێزراون، بەم نزیکانە مامەڵەکانی ڕەوانەکردنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان تەواو دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، ئەو کۆچبەرانە خەڵکی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی لیبیادا سۆراخیان کردوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی نایاسایی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا توانیویانە ئەو کۆچبەرانە ئازاد بکەن، هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین.
لیبیا بووە بە یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بۆ کۆچبەرانی نایاسایی، بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕێگای ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن، بەڵام زۆربەی جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی دۆخی سەخت دەبنەوە.
لای خۆشیەوە، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازاد دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا، توانرا شەش گەنج لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆکۆڵ لەگەڵ سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەسەرکەوتنی هەوڵەکانیان کرد بۆ ئازادکردن و ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بۆ هەرێمی کوردستان.
دزەیی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا، کە تەواوی گەنجەکان سەلامەتن و سوپاسی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عیراقی لە تەڕابلوس کرد کە هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ئەم جۆرە پرسانە.
سەبارەت بە میکانیزمی گەڕاندنەوەیان سەلیم پاشا، ڕاوێژکاری پێشکەوتووی فەرمانگەی پەیوەندیییەکانی دەرەوە وتی: گرفتی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەم گەنجانە نەبوونی پاسپۆرتە. چونکە قاچاخچییەکان هەر زوو پاسپۆرتەکانیان لێدەستێنن تا نەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام ئێمە توانیمان بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتە پاسپۆرتی پەڕینەوەیان بۆ دابین بکەین و لێرەش وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم هەموو ئاسانکاریەکیان بۆ دەکات. ئەوەی ماوەتەوە دابینکردنی تکتی فڕۆکەیە بۆ ئەو 25 گەنجە. دوای تەواو بوونی ڕێکارەکان چاوەڕوان دەکرێ بەزووترین کات بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
