شاندی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغداد

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی گەیشتنەوە بەغداد، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، بەستنەوەی مووچە بە مەرج و مەرجکاری پێشێلكردنی دەستوورە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیای پارتی، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی هەفتەی ڕابردوو، بەتایبەت بۆ پرسی داهاتی نانەوتی گەیشتنەوە بەغداد.

سەبارەت بە هەبوونی ئاوات شێخ جەناب، لە شاندەکە، سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: “چەند بەڕێوەبەرێکی گشتیی دارایی لەگەڵ شاندەکەدان و هەوڵ دەدرێ کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەر بکرێت”.

ڕۆژی 20ی ئاب، دوای کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند: “کۆبوونەوەکە باش بوو و باشتریش دەبێت.”

د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی و ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند: “گفتوگۆکان بۆ پرسی داهاتی نانەوتییە، بەغداد هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بابەتی (هەژماری من)دا نییە و لە پرسی داهاتی نانەوتییشدا هەفتەی پێشوو هەندێک لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن هەبووە و هەوڵ دەدرێت ئەمجارە بگەینە ئەنجامی باش”.

رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش، نووسراوەکە هەر هەمان بڕیارەکەی ڕۆژی سێشەممە 19ی ئابی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە دەرچووە، کە پرسی مووچەی بەستووەتەوە بە سێ مەرج.

لای خۆیەوە شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “بەغدا پرسی مووچەی ملیۆنێک و دووسەد هەزار مووچەخۆری کوردستانی بەستووەتەوە بە مەرج و مەرجکاری، ئەوەش پێشێلکردنی دەستوورە، لەکاتێکدا مووچەخۆران سێ مانگە چاوەڕێی مووچەی مانگی شەشن”.

شێروان دووبەردانی جەخت دەکاتەوە: “دەبێ ئەم هەفتەیە بەغدا مووچە خەرج بکات و زیاتر دوای نەخات”.

 

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە