سووریا دراوێكی نوێ‌ چاپ دەكات

حكومەتی نوێی سووریا پلانی هەیە دراوێكی نوێ چاپ بكات ‌و دوو سفر لەسەر لیرە كەم بكاتەوە، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دراوەكە و ئاسانكاری لە مامەڵەكانی رۆژانەدا.

ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بە پشبەستن بە چەند سەرچاوەیەك رایگەیاندووە، حكومەتی سووریا بڕیاریداوە دوو سفر لەسەر لیرە لاببات ‌و دراوێكی نوێ چاپ بكات، لەدوای ئەوەش دراوە كۆنەكە شان بەشانی دراوی نوێ بەكاردەهێنرێت تاوەكو هاووڵاتیان دەیگۆڕنەوە بە دراوی نوێ.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، “ئامانج لەم هەنگاوە بەهێزكردنی لیرەی سوورییە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی 14 ساڵەی وڵاتەكەوە، كە بە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە كانوونی یەكەمی رابردوودا كۆتایی هات، نرخەكەی بەشێوەیەكی مێژوویی دابەزی”.

هاوكات، ئامانجێكی دیكەی گۆڕینی دراوی “لیرە”ی سووریا بریتییە لە لابردی وێنەی بەشار ئەسەد و باوكی لەسەر دراوەكە.

بانكی ناوەندیی سووریا لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا بانكە تایبەتەكانی ئاگاداركردووەتەوە، كە پلانی هەیە دراوی نوێ دەربكات و سفرەكانی سەر لیرە كەم بكاتەوە، بە ئامانجی ئاسانكردنی مامەڵەكان و بەدیهێنانی سەقامگیریی دراو.

لیرەی سووری لە ساڵی 2011وە زیاتر لە سەدا 99ی بەهاكەی لەدەستداوە، بەجۆرێك نرخی گۆڕینەوەی یەك دۆلار لە 50 لیرەوە بۆ نزیكەی 10 هەزار لیرە بەرزبووەتەوە. ئەو دابەزینە زۆرەش وایكردووە مامەڵەی رۆژانە و گواستنەوەی پارە زۆر ئەستەم بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە