سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر ڕایدەگەیەنێتت، بانكی ناوەندی لە 75%ی پسووڵەی بازرگانانی كورد بۆداواكردنی دۆلار ڕەت دەكاتەوە و دەشڵێتت: ئەم دۆخە بەردەوام بێت 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە.
سیامەند مەولوود، سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق متمانەی بەو پسووڵانە نییە كە بازرگانانی هەرێمی كوردستان پێشكێشی دەكەن، بۆیە زۆربەیان رەتدەكاتەوە و ئەوەش بازرگانان ناچار دەكات روو لە بازاڕی ئازاد بكەن كە دەبێتەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار و دابەزینی دینار.
ڕاشیگەیاندووە، كاتێك بازرگانێكی هەرێم لە رێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە دینارەكەی بگۆڕێتەوە بە دۆلار بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار، بانكی ناوەندی داوای پسووڵەی كڕینی كەلوپەل دەكات، بەڵام ئێستا بانكی ناوەندی گومانی لە پسووڵەكان هەیە و لە 75%ی ئەو پسووڵانە لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە پێشكەش دەكرێن، رەت دەكرێنەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، وتیشی، “زیاتر لە مانگێكە ئەو كێشەیە دروستبووە، ئەگەر پرۆسەكە بە یەكجاری لە هەرێمی كوردستان بوەستێت، نرخی 100 دۆلار رەنگە بگاتە 150 هەزار دینار، چونكە هەموو بازرگانان ناچار دەبن لە بازاڕی ناوخۆ دۆلار بكڕن.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی ڕابردوودا نرخی 100 دۆلار بۆ 139 هەزار دینار دابەزی، بەڵام ماوەی هەفتەیەكە نرخەكەی بۆ نزیكەی 142 هەزار بەرزبۆتەوە.
