“شەپۆلەکانی گەرما”، مەترسییە تەندروستییەکان زیاد دەکەن

لێکۆڵینەوەیەک لە زانکۆی East Texas A&M دەریخستووە، کە شەپۆلەکانی گەرما لە تێکساس لە هاوینی ٢٠٢٤ـدا بوونەتە هۆی زیادبوونی پیسبوونی هەوا بە ماددە زیانبەخشەکانی وەک ئۆزۆن و تەنۆلکە ترشەکان، ئەمەش مەترسییەکانی سەر تەندروستی کۆئەندامی هەناسە و دڵ زیاد دەکات، هاوکاتی گەرما و پیسبوون مەترسی مردن بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی لە شارەکاندا.

لێکۆڵینەوەکە ئامۆژگاریمان دەکات بە مانەوە لە ماڵەوە لە کاتەکانی گەرمای زۆردا و خۆبەدوورگرتن لە چالاکییەکانی دەرەوە کاتێک ئاستی پیسبوون بەرزە.

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی East Texas A&Mی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە مەترسی شەپۆلەکانی گەرما تەنها لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی خراپتربوونی پیسبوونی هەوا بە ئاستێکی جێی نیگەرانی، کە مەترسییە تەندروستییەکانی سەر دانیشتووان زیاد دەکات.

بەپێی ئەنجامەکان، کە لە کۆبوونەوەی پاییزەی کۆمەڵەی کیمیایی ئەمریکیدا خراونەڕوو، ئەو شەپۆلی گەرمایەی کە لە هاوینی ٢٠٢٤ـدا ویلایەتی تێکساسی گرتەوە، بووە هۆی بەرزبوونەوەی چڕی ئۆزۆن، ئاوێتە ئەندامییە هەڵماوییەکان (volatile organic compounds) و تەنۆلکە نانۆییە دەوڵەمەند بە ترشەکان، کە هەموویان پیسکەرێکی ناسراون و پەیوەندییان بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی هەناسە و دڵەوە هەیە.

ئەم ئەنجامانە لە کاتێکدا دێن کە ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا زیاتر لە ٣٠٠ حاڵەتی مردنی پەیوەست بە گەرمای تۆمار کردووە، کە بەرزترین ژمارەیە لەوەتەی تۆمارکردنی ئەم داتایانە لە ساڵی ١٩٨٩ـەوە دەستیپێکردووە، ئەمەش جەخت لەسەر ئەو هەڕەشە تێکەڵاوە دەکاتەوە کە شەپۆلەکانی گەرما لە سایەی گۆڕانی کەشوهەوادا دروستی دەکەن.

لە هاوینی ئابی ٢٠٢٤ـدا، لە کاتی شەپۆلێکی گەرمای سووتێنەردا کە ویلایەتی تێکساسی گرتبووەوە، توێژەرێکی تیمی سەنتەری کیمیای کەش و ژینگە، بیانکا پامێلا ئارێدۆندۆ ئۆلیڤۆس، بە درێژایی شەو و ڕۆژ نموونەی هەوای لە حەرەمی زانکۆکەدا وەرگرت.

پلەکانی گەرما لە نێوان ٣٢ بۆ ٤١ پلەی سەدیدا بوون، لەگەڵ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هیچ ئاگرێکی دارستان لە نزیکەوە نەبووە لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا، بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە پیسبوونەکە پەیوەندی بە دووکەڵی ئاگرەوە نییە.

توێژەران کۆمەڵێک ئامێری پێشکەوتوویان بەکارهێنا، دیارترینیان ئامێری “سپێکترۆمەتری بارستایی بە کاتی فڕین لەگەڵ گواستنەوەی پڕۆتۆن” بوو بۆ گرتنی ئاوێتە ئەندامییە هەڵماوییەکان و پێوانەکردنی وردیلەکان بە وردییەکی زۆرەوە.

ئۆلیڤۆس ئامێرەکەی بە “زۆر هەستیار” وەسف کرد، چونکە دەتوانێت لە کاتی ڕاستەقینەدا چاودێری ماددەکان بکات بە کەمترین زیان بۆ خودی ئاوێتەکان.

لێکۆڵینەوەکە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە چڕی ئۆزۆن، تەنۆلکە ترشەکان و ئاوێتە ئەندامییە ئۆکسێنراوەکاندا نیشان دا، کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا زیادیان کردبوو. سەیرتر ئەوە بوو کە دارەکان، بەتایبەتی دار بەڕووەکانی دەوروبەری شوێنی تاقیکردنەوەکە، بڕێکی زیاتریان لە ئاوێتە هەڵماوییە سروشتییەکانی وەک ئایزۆپرین (isoprene) دەردابوو، کە پێش دروستبوونی ئۆزۆن دێت.

مەترسییە تەندروستییەکان

لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تێکەڵبوونی شەپۆلەکانی گەرما و پیسبوونی هەوا مەترسییە تەندروستییەکان دوو هێندە دەکات، چونکە مەترسی مردن بە ڕێژەی زیاتر لە یەک لەسەر پێنج زیاد دەکات کاتێک گەرمای زۆر هاوکاتە لەگەڵ ئاستی بەرزی وردیلەکاندا، بە بەراورد لەگەڵ کاریگەری هەر فاکتەرێک بە تەنها.

مەترسی ئەم دیاردەیە بە تایبەتی لە شارە گەورەکاندا دەردەکەوێت، کە تێیدا پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و پیسکەرەکان کۆدەبنەوە بەهۆی سروشتی بیناسازی و چڕییەوە، ئەمەش دۆخەکە خراپتر دەکات بە بەراورد لەگەڵ ناوچە گوندنشینەکان.

تا ئەو کاتەی چارەسەری ڕیشەیی و درێژخایەن بۆ کێشەی پیسبوون و گەرما بەردەست دەبێت، توێژەران ئامۆژگاری بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی خۆپارێزی سادە دەکەن کە دەتوانن مەترسییە ڕۆژانەکان کەم بکەنەوە، دیارترینیان مانەوەیە لە ماڵەوە لە کاتەکانی گەرمای زۆردا کە لە نیوەڕۆوە تا کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ درێژ دەبێتەوە، کە تێیدا پلەکانی گەرما و ئاستی ئۆزۆن دەگاتە لوتکە. هەروەها، خۆبەدوورگرتن لە وەرزشکردن یان هاتوچۆکردن لە نزیک ڕێگا قەرەباڵغەکان لە کاتی شەپۆلەکانی گەرمادا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە