وتەبێژی دادگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەپێی ماددەی 56، لە یاسای سزادانی عێراقی، دوو پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارەکانی دیکە دەکرێتەوە، پاشان دەدرێنە دادگا.
ئەمڕۆ هەینی، سەڵاح حەسەن، وتەبێژی دادگای سلێمانی بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارەکانی دیکە بەبێ ڕووبەڕوبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش خۆیان ڕادەست بکردایە، تەنیا بە ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکران، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و سێ شەهید و 19 بریندار هەیە، کە لە کاتی ئەرکەکەیاندا لەلایەن هێزەکانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی کراونەتە ئامانج، بۆیە بە پێی ماددەی 406ـیش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران دەکرێتەوە.
وتیشی: هەموو تۆمەتبارێک لە بەردەم دادگا مافی پارێزراوە، لە کاتی دادگایکردنی تۆمەتبار لاهور شێخ جەنگی و ئەوانی دیکە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن و پارێزەر بگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزی لاهور شێخ جەنگی دەستی پێکرد، دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووبەڕووبوونەوە هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆلادی برای دەستگیر کران.
