بە سەرپەرشتی ترەمپ، شەرع و ناتانیاهۆ کۆدەبنەوە

سەرچاوە تایبەتەکان بە تۆڕی سکای نیوز عەرەبییەیان ڕاگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەممە (٢١ی ئابی ٢٠٢٥)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەحمەد شەع سەرۆکی سووریا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نیویۆرک.

بەپێێ زانیارییەکان، وا بڕیارە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، بە سەرپەرشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چوارچێوەی جووڵە دیپلۆماسییە بەرفراوانەکانی ناوچەکەدا، ئەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە ئەنجامبدرێت.

ئەم هەوڵانە هاوکاتن لەگەڵ زنجیرەیەک هەنگاوی مەیدانی و سیاسی، کە دیارترینیان بریتین لە: کەمکردنەوەی بازنەی ئەمنی لە دەوری پارێزگای سوەیدا، و ئامادەکاری بۆ سەردانی شاندێکی فەرمی سووریا بۆ لوبنان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا کە نوێنەرانی وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ، دەرەوە و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری لەخۆدەگرێت.

هەروەها، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێگای دیمەشق -سوەیدا دەکرێتەوە و کاروانی هاوکارییەکان بۆ پارێزگاکە زیاد دەکرێت.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سووریا ڕێگە نادات بە دروستکردنی ڕێڕەوێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و سوەیدادا، لەم دواییانەشدا بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی، باڵیۆزێکی باڵا و نائاسایی بۆ سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکرا، کە ناوەندە دیپلۆماسییەکان بە بەشێک لەخۆئامادەکردن بۆ ئەم جووڵانە ناویان برد.

سەبارەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد، کە ئیسرائیل هەوڵدەدات هەندێک لەو ناوچانەی کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو کۆنترۆڵی کردوون، بەتایبەتی “تەل حارە” و “ناوەندی ڕادار” لە جەبەل شێخ (چیای حەرمۆن) بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا سووریا سوورە لەسەر زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی جیاکردنەوەی هێزەکان کە لە نێوان هەردوولادا لە مایسی ١٩٧٤ واژۆ کراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە