وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە دەسەڵاتی عێراق و داوادەکات بەپەلە کارکردن لە چەند بڕیارێک رابگرێت و دەڵێت”وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی”.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لە پێشهاتێکی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.
دەشڵیت، بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ڕوونیشیدەکاتەوە، ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی.
وەزارەتی ناوخۆ داواکاری بەپەلە دەکات و دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە:
یەکەم: حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.
دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.
سێیەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لە گەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
