تا ئێستا زیاتر لە ٥٤٠ کاندید دوورخراونەتەوە

لە سەرتاسەری عێراقدا ٢١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار و ٨٩ کەس مافی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو هەیە  کە لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٩٢ هەزار و ٢٧٥ دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن.

بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژارنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تێیدا حەوت هەزار و ٩٠٠ کەس کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکەن و ٢١ ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانی هەیە.

ئەم هەڵبژاردنە بە سیستەمی لیستی کراوە و نوێنەرایەتی ڕێژەیی بۆ قەوارە بەشداربووەکان بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو بە سیستەمی فرەبازنەیی بەڕێوەچوو کە تێیدا پارێزگاکان بەسەر چەند ناوچەیەک دابەشکران و هەر ناوچەیەکیش چەند کاندیدێکی بۆ دیارییکرابوو کە دەنگدەر تەنیا بۆی هەبوو لە سنووری ناوچەکەی خۆی دەنگ بەو کاندیدە بدات کە کەوتووەتە سنووری ناوچەکەی، ئامانج لە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە کەمکردنەوەی کاریگەریی پارتە گەورەکان و زیادکردنی دەرفەت بوو بۆ سەربەخۆکان، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردنە و دەنگدەر ئازادە لەوەی دەنگ بە کام کاندیدی پارێزگاکەی دەدات.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، “بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان، بە گشتی لە سەرتاسەری عێراق ٢١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار و ٨٩ کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ١٥٥ هەزار و ٩٧ کەس دەنگدەری نوێن و بۆ ئەم خولەی پەرلەمان تۆمارکراون”.

لەبارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانەوە وتی: “ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بریتییە لە سێ ملیۆن و ٩٢ هەزار و ٢٧٥ کەس، کە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشبوونە، بۆ پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و ٨٩ هەزار و ٨٣ کەس، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە یەک ملیۆن و ٢٠٩ هەزار و ٣٨٠ کەس، هەروەها پارێزگای دهۆک ٧٨٤ هەزار و ٨١٢ کەس”.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حەوت هەزار و ٩٠٠ کەس کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکەن و، لەبارەی گرتبەبەری ڕێکارە یاساییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای عێراق بەرامبەر کاندیدان، عیماد جەمیل وتی: “بە گشتی ٥٤٢ کاندید دوورخراونەتەوە، لەو ژمارەیەش ٢٥٣ کاندید بە هۆکاری لێپرسینەوەی دادپەروەریی دوورخراونەتەوە، هەروەها ١٠٠ کەس ڕێگریی یاساییان لێکراوە، هاوکات ١٦٠ کەس لەلایەن لایەنە بەشداربووەکان گۆڕدراون، ١٥ کاندیدیش بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و، ١٠ کاندیدی کریستیانەکانیش لە بەشداربوون دوورخراونەتەوە، هەروەها چوار کاندیدیش بەهۆی ساختەوە لە پڕۆسەکە دەرهێندراون”.

بەپێی داتاکانی ئاماری تۆماری دەنگدەران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، زۆرترین دەنگدەر دەکەوێتە پارێزگای بەغدا کە دوو ملیۆن و ٣٨٠ هەزار و ٢٤٦ کەسە و کەمترین دەنگدەریش دەکەوێتە پارێزگای موسەنا کە ٥١٢ هەزار و ٣٥٩ دەنگدەرن.

لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی، هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەم بە ٦٢ کورسی بەشدارە و لەم چوارچێوەیەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٢ کورسی، هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان) ١٦ کورسی، نەوەی نوێ نۆ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریی یەک کورسیی پەرلەمانییان هەیە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە