بەهای دۆلار بەرزبووە، بەڵام دۆلارفۆرشێک دەڵێت ئەو بەرزبوونەوەیە کاتییە و جارێکی دیکە دادەبەزێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهای 100 دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە 143 هەزار و 250 دینار.
کامەران ئەحمەد کە پیشەی ئاڵوگۆری دراوە لە بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ پرسی سیاسی ئەویش کشانەوەی ئەمریکایە لە عێراق کە لە بەغدا زۆر بەگەرمی باسی دەکرێت.
بە پێی ڕێککەوتنی عێراق و هاوپەیمانان، دەبێت ئەو هێزانە کە ئەمریکا سەرۆکایەتییان دەکات لە مانگی ئەیلوولدا بکشێنەوە.
کامەران ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە کە خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، هۆکارێکی دیکەی هەڵکشانی بەهای دۆلارە.
لەو بڕوایەشدابوو کە ئەم بەرزبوونەوەیە کاتی بێت و وتی: “بەدڵنیاییەوە بابەتەکان تەنها دەنگۆن، بۆیە بەهای دۆلار جارێکی تر دادەبەزێتەوە، چونکە بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لەخستنەڕووی دۆلار بەبەهای ١٣٢ دینار”.
