نوێنەری سەرۆکی حکومەت، پەیامی هاوخەمی و پاڵپشتی گەیاندە، پارێزگاری هەڵەبجە و دەڵێت”ئامادەیی هەموو هاوکارییەکین وەک حکومەت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، نوخشە ناصح، پارێزگاری هەڵەبجە، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەت و نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی هاوخەمی و پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم و بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی پارێزگاگە.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەڵەبجە، وێڕای سوپاسگوزاری، کۆمەڵێک داواکاریی گرنگی پارێزگاکەی خستەڕوو. لە گرنگترینیان، داواکاری بۆ دابینکردنی پێداویستی و ئامێری مۆدێرن و پێویست بوو بۆ ئەو فەرمانگانەی کە ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوازێکی کاراتر مامەڵە لەگەڵ هەر ڕووداوێکی هاوشێوەدا بکەن٠
هەروەها هەردوولا كۆكبوون لەسەرئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی لە کارەساتی ئاگرکەوتنەوەدا گیانیان بەخشی، بە فەرمی وەک “شەهیدی ژینگە” بناسرێن و ماف و ئیمتیازاتێکی یاسایی کە شایستەیانە، بۆ بنەماڵەکانیان دابین بکرێت، تا قوربانیدانەکەیان بەرز بنرخێنرێت و مافیان نەفەوتێت.
لای خۆیەوە، بەڕێز پێشەوا هەورامانی بەڵێنی گەیاندنی سەرجەم داواکارییەکانی بەسەرۆکی حکومەت داو ئامادەیی تەواوی حکومەتی بۆ هاوکاری و پاڵپشتیی پارێزگای هەڵەبجە دووپاتکردەوە.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەڵەبجە جارێکی دیکە سوپاسی پاڵپشتییەکانی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی کرد, کە لە ماوەی ڕووداوەکاندا هاوکار بوون.
