هاکان فیدان.. چاوگی ئاژاوە لە سووریادا

سەردانە کتوپڕەکەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی ئینتیقالی سووریا بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە کاتێکدا بوو، کە کۆمەڵێک پێشهات و گۆڕانکاری خێرا لە ئارادان و هەموویان پەیوەستن بە سووریا و ڕووداوەکانی ئەم دواییەوە.

“سەردانێکی ” پێشتر پلان بۆ داڕێژراو

ئەنقەرە بە پەلە شەیبانی بانگهێشتکرد، و بۆ ئەوەی سەردانەکە وەک “سەردانێکی ” پێشتر پلان بۆ داڕێژراو دەربکەوێت، هەریەک لە مرهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری و ئیبراهیم سەلامە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، جانتاکانیان تێکنا بۆ یاوەریکردنی شەیبانی.

 

ئەبو قەسرە چاوی بە یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا کەوت و بە پەلە ڕێککەوتننامەیەکیان لەسەر “ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازی” واژۆ کرد، کە دیارە بە پەلە “ئامادەکراوە” و هیچ شتێکی نوێی لەسەر ئاستی ستراتیژی تێدا نییە، لە سۆنگەی بەردەوامی “ڤیتۆی” ئیسرائیل لەسەر هەر بوون و کشانی سەربازیی تورکیا لە ناوخۆی سووریادا.

 

جێی سەرنج لەم سەردانەدا ئەو لێدوانانە بوو کە لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە درا، کە هێرشی کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەوە تۆمەتباری کردن کە دواکەوتوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، ئەو ڕێککەوتنەی کە لەلایەن هەریەک لە ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆکی ئینتیقالی ئەحمەد شەرع لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا واژۆ کرا.

 

قسەکانی فیدان هاندانی دژ بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکراتی لەخۆگرتبوو، سەرەڕای ئەوەی کە چەند کاتژمێرێک پێش سەردانی شاندی سووری بۆ ئەنقەرە، کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئیلهام ئەحمەد و حکومەتی ئینتیقالی (بە سەرۆکایەتیی شەیبانی خۆی) لە دیمەشق بەڕێوەچوو، کە بە “زۆر ئەرێنی” وەسف کرا، بەڵام لێدوانەکانی فیدان کە وشەکانی وەک “ئێمە نیازی ئێوە دەزانین” و “ئێمە ساویلکە نین و دەزانین چی دەگوزەرێت”ی تێدابوو، دەریدەخات هێشتا لە ڕۆڵی سەرۆکی هەواڵگریدا دەژی، ئەو پۆستەی کە بۆ ماوەی ١٣ ساڵ بەڕێوەی برد، ڕێگربوو لە بەردەوامبوونی کەشی ئارامی کە دوای کۆبوونەوەکەی دیمەشق لە نێوان ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی هاتە ئاراوە.

 

هەڵوێستی تورکیا یان توندکردنەوەکە دوای کۆنفرانسی “یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا” هات، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە ڕێکخرا و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لەخۆگرت.

تورکیا و فشارەکانی سەر دیمەشق

تورکیا فشاری خستە سەر دیمەشق تا دەرەنجامەکانی کۆنفرانسەکە ڕەتبکاتەوە کە هەموویان جەختیان لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و گەلەکەی دەکردەوە و داوای بەشداریکردن و سیستمێکی دیموکراسیی لامەرکەزییان دەکرد، بەم شێوەیەش کۆنفرانسەکە لە چوارچێوەی گشتیی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار دەرنەچوو.

 

دەسەڵات لە دیمەشق بەیاننامەیەکی دژ بە کۆنفرانسەکە دەرکرد، و میدیاکانی، و ئەوانەی کە لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر کۆنفرانسەکە، و هاندان دژ بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات.

 

لە ڕووی سیاسییەوە، دەسەڵات هەڵوێستی توندتر کرد و بایکۆتی ئەو کۆبوونەوەیەی ڕاگەیاند کە بڕیاربوو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی ئینتیقالیدا بەڕێوەبچێت، ئەم بڕیارە لەلایەن تورکیاوە پێشوازی لێکرا، چونکە ئەنقەرە نایەوێت هیچ ئەکتەرێکی کاریگەر لە دیمەنی سووریادا هەبێت کە بتوانێت کاریگەری لەسەر حکومەت هەبێت و بەمەش بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی ڕۆڵ و هەژموونی تورکیا.

 

حکومەتی ئینتیقالی هێشتا لەژێر کاریگەریی شۆکی دەرەنجامی ئەو کۆمەڵکوژیانەدایە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئاسایشی گشتی و گروپە “سەرەڕۆکانەوە” ئەنجامدراون، کە بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی دوو هەزار هاووڵاتی مەدەنی و سەدان چەکداری دەسەڵاتی ئینتیقالی، و دواجار بە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەکانی ئەرکانی گشتی و کۆشکی کۆماری لە دیمەشقی پایتەخت کۆتایی هات.

 

دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل دیمەنێکی نوێی لە سووریادا دروستکرد، ئامادەگییەکی بە تەلئەبیب بەخشی، کە دەسەڵاتی ئینتیقالی دانی پێدانا لە ڕێگەی ئەو پەیوەندی و کۆبوونەوانەی کە لەنێوان بەرپرسانی خۆی و بەرپرسانی ئیسرائیلیدا بە ئامادەبوونی ئەمریکا ئەنجامدران، لە کۆتاییدا گەیشتن بەڕێککەوتنێکی “کۆتاییهێنان بە پێکدادان” لە نێوان میلیشیاکانی دەسەڵات و بەرگریکارە درووزییەکان لە سوەیدا.

 

جگە لەوەش، باس لە پلانێک دەکرێت کە وردە وردە خەریکە دەرکەوێت و تەوەری سەرەکی کردنەوەی دەروازەیەکە کە سوەیدا بە ئیسرائیلەوە دەبەستێتەوە، بە مەبەستی گواستنەوەی خۆراک و هاوکاری بۆ سوەیدای گەمارۆدراو، هەموو ئەم پێشهاتانە حاڵەتێکی سەرلێشێواوی و شڵەژانیان لای دەسەڵاتی ئینتیقالی لە دیمەشق دروستکردووە، ئەمەیان وەرگێڕاوە بۆ توندڕەوی بەرامبەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، و هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی هێز لە ڕێگەی توندکردنەوەی سەربازیی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دێر حافر لە گوندەواری حەلەب و گوندەکانی گوندەواری دێرەزوور، جگە لە ‌هەڵفڕاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردنشیندا لە شاری حەلەب.

 

تورکیا دەزانێت کە دەسەڵاتی ئینتیقالی لە دیمەشق لە دۆخێکی زۆر سەختدایە دوای ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە لە ناوچەکانی کەناراو و سوەیدا ئەنجامی داون، دوای دەرچوونی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەسەڵاتەکە ئیدانە دەکات و بە بەرپرسیار لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوی تۆمەتبار دەکات، ڕاپۆرتەکە دەڵێت نزیک دەبنەوە لە “تاوانی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی”، و ڕاپۆرتێکی دیکەی پێنتاگۆن کە بە وردی کۆمەڵکوژییەکان بەکاری جیهادییەکان لە پێکهاتەی سوپا و ئاسایشی سووریادا وەسف دەکات.

ئامادەگیی ئیسرائیل بووەتە ڕاستییەک

هەروەها تورکیا دەزانێت کە ئامادەگیی ئیسرائیل بووەتە ڕاستییەک لە باشوری سووریادا، جگە لە سووربوونی تەلئەبیب لەسەر ئەو هێڵە سوورانەی کە بۆ تورکیای کێشاوە، لە نزیکنەبوونەوە لەناوخۆی سووریا (ئیسرائیل ئەو پێکهاتە سەربازییانەی وێرانکرد کە ئەنقەرە دەیویست لە فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما و بنکەی تی فۆر لە نزیک حومس لە نیسانی ٢٠٢٥دا نۆژەنیان بکاتەوە)، ئەمە جگە لەو ڕاستییەی کە لە سوەیدا دوای کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییە دروستبووە، کە ڕاستییەکی لامەرکەزیی ڕوونە، و بێگومان کاریگەریی لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕەنگە ناوچەکانی دیکەی سووریاش دەبێت، کە دەست بە شێوازی لامەرکەزییەوە دەگرن، لە سۆنگەی شکستخواردنی دەسەڵات لە زۆربەی بوارە ئەمنی و ئابوورییەکاندا لە وڵاتدا، لەم ڕوانگەیەوە ئەنقەرە دەبینێت کە زۆربەی دۆسیەکانی سووریا خەریکە لە دەستی دەردەچن، و ئەکتەری دیکەی بەهێزتر لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە سەرهەڵدەدەن.

 

تورکیا ئیدانەی تاوانەکانی دەسەڵاتی ئینتیقالی نەکرد لە کەناراو و دیمەشق و سوەیدا، تەنانەت پێشێلکارییە ڕۆژانەکانی مافی مرۆڤیشی لە سەرانسەری سووریادا ئیدانە نەکرد، تورکیا بە عەقڵییەتێکی ئەمنییەوە مامەڵە لەگەڵ سووریادا دەکات، بە ناوچەی هەژموون و کۆنترۆڵی خۆی دەزانێت، کە لەلایەن دەسەڵاتێکەوە حوکم دەکرێت کە ئەنقەرە سوورە لەسەر ئەوەی سەر بە خۆی بێت و دەست بەو گێڕانەوەیەوە دەگرێت کە گوایە ئەو بووە کە هێناویەتییە سەر حوکم لە دیمەشق.

 

لە چوارچێوەی ئەم عەقڵییەت و تێڕوانینە سنووردار و مەترسیدارەدا، ئەنقەرە سوورە لەسەر شەڕکردن لەگەڵ کورد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی لامەرکەزی و دانپێدانانی دەستووری بە پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی سووریا.

 

سەرەڕای بوونی پرۆسەیەکی دیالۆگ لە ناوخۆی تورکیادا لە نێوان دەوڵەت و بزووتنەوەی کوردیدا، و دامەزراندنی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەژێر ناوی “لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی” و باسکردن لە “قۆناغێکی نوێ” و “برایەتی هەزار ساڵەی نێوان کورد و تورک”، بەڵام حکومەت و هاکان فیدانی سەرپەرشتیاری دیپلۆماسی، سوورن لەسەر دوورخستنەوەی کورد لە سووریادا و ڕێگریکردن لەوەی دیمەشق لامەرکەزی قبوڵ بکات و دان بە بوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بنێت وەک پێکهاتەیەک لەناو سوپای نوێی سووریادا.

تێڕوانینی تورکیا نەگۆڕاوە

لەبارەی دۆسیەی سووریاوە، تێڕوانینی تورکیا نەگۆڕاوە، بە بوونی وەزیرێکی دەرەوە کە هێشتا ڕۆڵی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان و جیهانی “ژێرزەمینی” دەگێڕێت، و دژی پرۆسەی ئاشتییە لەگەڵ کورد لە ناوخۆی تورکیادا، وادیارە هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر بە کورد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات، و بەمەش بەرامبەر بە سەرهەڵدانی سووریایەکی دیموکراسیی لامەرکەزی، هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ڕوونادات، بۆیە بەردەوام دەبێت لە ڕەتکردنەوەی هەر کرانەوەیەک و سووربوون لەسەر بنیاتنانی دەوڵەتێکی یەک لایەنەی مەرکەزی، کە لەلایەن گروپێکی سەر بە ئەنقەرەوە حوکم بکرێت، یان ویلایەتێک کە لەلایەن والییەکی سەر بە تەختی سوڵتانییەوە بەڕێوەببرێت، بەپێی خەیاڵی تورک، و ئەو تێڕوانینەی کە لای میدیاکانی تورکیا پەسەندە، لەم دیمەنەدا، وشەکانی فەرهەنگی سیاسیی تورکیا سەبارەت بە “سووریای نوێ”، هەر وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە: ڕەتکردنەوەی لامەرکەزی، هاندانی عەرەب و کورد دژ بەیەکتر، هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا سەبارەت بە کەناراو و سوەیدا، کێبڕکێکردن لەسەر ئەوەی بە “کێکە” سوورییەکەی دەزانێت لەگەڵ هەریەک لە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، و وڵاتانی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی کە دژی ئامادەگیی ئیمپراتۆری و کۆلۆنیالیی تورکیان لە وڵاتی شامدا.

هاکان لە هۆزی حەسەنانە، کە ھۆزێکی دیار و گەورەی کوردییە و گەورەترین بەشی ئەم ھۆزە لە باکووری کوردستانن.

ھۆزی حەسەنان لە ساڵی ١٩٣٧ بەشدارییان لە ڕاپەڕینی دەرسیمدا کردووە.

سەرچاوە؛ https://nlka.net/

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە