دیپلۆماتکاری دێرینی ئەمریکی، گوێندلین “ویندی” گرین، لە مانگی ئابی ٢٠٢٥ەوە پۆستی کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە هەولێر وەرگرت.
گرین بە ئەزموونێکی دیپلۆماسی بەرفراوانەوە دێتە ئەم پۆستە کە نزیکەی ٢٥ ساڵی لە سەرانسەری جیهاندا خایاندووە.
کاروانی پیشەیی پڕ لە دەستکەوت
گرین پێش وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی، لە ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ وەک جێگری سەرۆکی نێردە لە ئەسیوپیا کاریکردووە، لەوێ بەرپرسیار بووە لە بەڕێوەبردنی زیاتر لە ١٥٠٠ کارمەند و پڕۆژە بە بەهای ١.٦ ملیار دۆلار.
هەروەها وەک کارداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ماڵتا کاریکردووە و تیشکی خستووەتە سەر بەهێزکردنی بەرژەوەندییە بازرگانی و ئەمنییەکان لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست.
کاروانە پیشەییەکەی ویندی، چەندین پۆستی گرنگی دیکەشی لەخۆگرتووە، لەوانە:
- بەرپرسی خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان لە دوبەی (٢٠١٤-٢٠١٧)، کە تێیدا سەرپەرشتی خزمەتگوزارییەکانی ڤیزای ئەمریکی بۆ ئێران کردووە.
- سەرۆکی ئۆپەراسیۆن و پلانەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان (٢٠٠٩-٢٠١١)، کە لەوێدا بە هاوکاری لەگەڵ سەرکردایەتی سەربازی کاریکردووە.
- ئەرکی دیپلۆماسی لە سورینام، هۆڵەندا و باشووری ئەفریقا.
- چەندین پۆستی جۆراوجۆر لە واشنتۆن دی سی، لەوانە بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەیی و بەرپرسی کاروباری سیاسی و سەربازی بۆ ئەفغانستان.
باکگراوندی ئەکادیمی و خەڵاتەکان
ویندی گرین، چەندین خەڵاتی بەناوبانگی وەرگرتووە وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی، لەوانە چوار خەڵاتی ڕێزلێنانی باڵا، جگە لە خەڵاتی وەزیری دەرەوە بۆ دیپلۆماسی و دوو مەدالیا لەلایەن وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیەوە.
لەسەر ئاستی ئەکادیمی، گرین بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی تەکساس لە ئارلینگتۆن بەدەستهێناوە، هەروەها دوو بڕوانامەی ماستەری لە هونەرەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیدا هەیە و بە زمانەکانی هۆڵەندی، فەرەنسی و عەرەبی دەتوانێت قسە بکات.
گرین لە سان ئەنتۆنیۆی ویلایەتی تەکساس لەدایکبووە و بەهۆی کارەکەی باوکییەوە کە ئەفسەر بووە لە سوپای ئەمریکادا، لە چەندین شوێنی جیاوازی جیهاندا ژیاوە.
ناوبراو هاوسەرگیری لەگەڵ فەرماندەیەکی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ئەمریکا کردووە و دوو منداڵیان هەیە و پێشتر لە ویلایەتی کانساس کاری شوانی کردووە.

