بانکی ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ / ٨ / ٢٠٢٥، دەستپێکردنی پێدانی قەرزی بۆ کڕینی سیستمەکانی وزەی نوێبووەوە ڕاگەیاند، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و سووی بانکییەکەی تەنها ٣٪ دەبێت.
سۆمەریە نیوز، لە زاری سەرچاوەیەک لە بانکی ڕەشید بڵاویکردووەتەوە: “بڕی قەرزەکە دەگاتە ٣٠ ملیۆن دینار و دەتوانرێت بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ‘ئور’ەوە بە چەند هەنگاوێکی ئاسان و خێرا داواکاری پێشکەش بکرێت.
سەرچاوەکە جەختیشی کردووەتەوە “ئەم دەستپێشخەرییە لەچوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وزەی لاسایی (تقلیدی) و سووککردنی باری دارایی لەسەر هاووڵاتیان و بەشداریکردن لە پاراستنی ژینگەدا”.
بانکەکە ڕایگەیاندووە: “قەرزی وزەی نوێبووەوە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ وەبەرهێنان لە ماڵ و داهاتوودا، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی پارەی پسوڵەی کارەبا و دابینکردنی وزەیەکی پاک و جێگیرەوە”.
