سووریا و ئیسرائیل تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن

 

 وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیلی تاوتوێی بەهێزکردنی دۆخی سەقامگیری و ئاسایشی نێوانیان دەکات.

ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، چاوی بە شاندێکی ئیسرائیلی کەوت بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەندین دۆسیەی پەیوەست بە “بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و باشووری سووریا”.

ئاژانسی “سانا”ی سووری ڕایگەیاند؛ “گفتوگۆکان چڕبوونەتەوە لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا، و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە پشتگیری لە سەقامگیریی ناوچەکە بکات، هەروەها چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا و کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٤”.

بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسە سوورییەکە، ئەم گفتوگۆیانە “بەنێوەندگیریی ئەمریکا و لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بەڕێوەدەچن کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لەسووریا”.

لەلای خۆیەوە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ “کۆبوونەوەیەکی گەرم و پڕ زانیاری لەگەڵ شێخ موەفەق تریف، سەرکردەی ڕۆحیی درووزییەکانی ئیسرائیل و شاندەکەیدا ئەنجامداوە”.

باراک، جەختی لەوە کردەوە کە “دۆخی سوەیدا و چۆنیەتی کۆکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان، هێورکردنەوەی گرژییەکان و بنیاتنانی لێکتێگەیشتنیان” تاوتوێ کردووە.

پێشتر، ئەسعەد شەیبانی لە ١٢ی ئەم مانگەدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن، چاوی بە هەریەک لە ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سووریا کەوتبوو، لەو کۆبوونەوەیەدا “گفتوگۆکرا لەبارەی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی لەنێوان سێ لایەنەکە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیریی سووریا و سەروەری و ئاسایش بکات، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی گرووپێکی کاری هاوبەشی سووری – ئوردنی- ئەمریکی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ بەهێزکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ قەیرانەکە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە