spot_imgspot_img

چوار حزبی هەرێم چوونە پاڵ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران

هەر چوار لایەنی سیاسی (كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ‌ و ڕەوتی هەڵوێست و یەکگرتوی ئیسلامی) پاڵپشتیان بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەربارەی مووچە ڕاگەیاند.

كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بە خۆپیشاندانی ڕۆژی چوار شەممەی چین و توێژەکان بۆ داکۆکی لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری دووپاتی هەڵوێستی بنەرەتی خۆی دەکاتەوە لە پشتیوانیی هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکی لە مووچە و مافە ڕەواکانی دیکە، بەتایبەت کە سێ مانگە سەرەتاییترین ماف کە مووچەیە دابین نەکراوە.

ڕاشیگەیاندووە، کۆمەڵی دادگەریی وەک هەمیشە پشتیوانی هەر چالاکییەکی مەدەنیی جەماوەرییە بە ئاڕاستەی دابینکردنی مافەکانی خەڵک، پێویستیشە دەسەڵاتداران نەک هەر ڕێگری لە مافی نارەزایی خەڵک نەکەن، بگرە دەبێت ئارامی و کەشی خۆپیشاندانیش بپارێزن.

لای خۆشیەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت: هەرچەندە ئێمە پێشتر بانگەوازمان بۆ لایەنەکانی دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی کردبوو کە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری گەورە ڕابەگەیەنین و هەموو چین و توێژەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربن، بەڵام وێڕای ئەوە ئێمە نەک تەنها پشتیوانیی لەهەر جۆرە خۆپیشاندانێکی چین و توێژە جیاوازەکان دەکەین، بەڵکو بەشداریش دەبین تیایدا.\

دەشڵێت: هەموو پەرلەمانتارەکانیشمان لەو خۆپیشاندانەی کە مامۆستایان و فەرمانبەران بەنیازن ئەنجامی بدەن بەشدارییان دەبێت.

هاوكات، ڕەوتی هەڵوێست لە ڕاگەیەنراوێكدا پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕاگەیاند، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕۆژی چوار شەممەیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دیاری کردووە، پشتیوان و بەشداردەبین لەگەڵیان؛ بەهەموو توانایەکمان بەرگری لە داواکاریەکانیان دەکەین.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەم خۆپیشاندانە، لە پێناو مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانە.

دووپاتیشی كردۆتەوە، دەبێت ئەو ڕێککەوتنەی کراوە بۆ دۆسیەی نەوت و گەڕاندنەوەی داهات دابینکردنی مووچە جێبەجێ بکرێت، خەڵکی کوردستان لە دۆخێکی خراپی ژیانکردندایە و نابێت بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی چەند دەسەڵاتدار و کۆمپانیایەک.

‎‎مەکتەبی کاروباری ڕێکخراوە پیشەییەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: وەک هەمیشە پاڵپشت و ئامادەی هەر خۆپیشاندان و فشارێکی مەدەنیە لە پێناو بەدەستهێنانی مووچەی مووچەخۆران و مافی هاوڵاتیان بە گشتی، بەتایبەت لەئێستادا کە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم زۆر بێ باکانە و خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ مووچەی مووچەخۆران و گوزەرانی هاووڵاتیان دەكات، کە زیاتر لەهەشتا رۆژە مووچەیان دابەش نەکردوە.

دەشڵێت: پێویستە حوکمڕانانی هەرێم بزانن یاریکردن بە مووچە و ژیانی خەڵکەوە دەرەنجامی وێرانکەری دەبێت، بۆیە جێگەی خۆیەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتیان بەگشتی بە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکان پەیامی جدی خۆیان بگەێنن.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە