وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایدەگەیەنێت، بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار دراوە بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانەی دەکەونە چوارچێوەی وەجبەکانی 9 تا 15 و هاوکاری (مینحە)ـی مانگانەیان نییە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكدا سوودمەندبوونی بەشێکی دیکە لە زیندانییانی سیاسی لە بڕیارێکی نوێی حکومەت ئاشکرا کرد.
ئاشكراشی كردووە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەت، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی داوە کە ئەو زیندانی و گیراوە سیاسییانەی سەر بە وەجبەکانی (9 تا 15)ـن و هاوکاری مانگانەیان نییە، بە بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ سوودمەند بن.
ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە (191)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 15ـی کانوونی دووەمی 2025 دەرچووە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختیشی کردۆتەوە، کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی.

