دادگای هەولێر سزای چوار ساڵ و پێنج زیندانی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند و پارێزەرەکەشی دەڵێت نایاساییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای کەتنی بنەسڵاوەی هەولێر دوای دوو کاتژمێر لە دادگاییکردن، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیی بسەر ڕۆژنامەنووس شێروان شیروانیدا سەپاند کە تۆمەتبارکرابوو بەوەی هەڕەشەی لە فەرمانبەرێکی ئەمنی ناو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر کردبووە.
محەمەد عەبدوڵا، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی شێروان شێروانی لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان لەدادگا هەر لەکاتی لێکۆڵینەوە تا ئەمڕۆ ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت کە حوکمی بڕیارەکە پێشتر درابوو بۆ بەسزادانی بریکاردارمان.
دەشڵێت، بەداخەوە بەبێ بەڵگە جارێکی تر دادگا سزای شێروان شێروانی دەرکرد بۆ ماوەی چوارساڵ و پێنچ مانگ، ئەوەش زوڵمێکی گەورەیە.
محەمەد عەبدوڵا ڕاشیگەیاند، ئەو کەیسانە سیاسین و هیچیان یاسایی نین بۆیە لە دادگا تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
ڕۆژی 16ی شوباتی 2021 دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگای هەولێر بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی”، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیددا سەپاند.
مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ڕۆژی 9ی ئازاری ڕابردوو ئازاد بکرێت، بەڵام زیندانییەکەی درێژکرایەوە و ئەمڕۆش سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
