وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەت و ئاماژەشە لەسەر توانای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بێ ئەوەی پێویستی بە هاوکاری لایەنی دیکە هەبێت.
وتیشی: ئەم کشانەوەیە بە بێ هەوڵە سیاسییەکان و پێداگری سەرۆک وەزیران لەسەر داخستنی ئەم دۆسیەیە بەدینەدەهات هەروەک چۆن دۆسیەی یۆنامیشی داخست.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەچێتە قۆناغی هاوبەشی ئەمنی دووقۆڵییەوە و جەختیشیکردەوە کە بە کۆتاییهاتنی ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، کاری هاوپەیمانییەکە بۆ شکستهێنان بە داعش کۆتایی نایەت، بەڵکو هەوڵە مەدەنییەکانی بە سەرکردایەتییەکی مەدەنی بەردەوام دەبن.
بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو هێزەکانی هاوپەیمانی نێوەوڵەتی لە عێراق بکشێنەوە.
