شەقامى سەرەکی هەولێر – بەحرکە ، دواى نۆژەنکردەوە و قیڕتوکردنی بەڕووى هاوڵاتییان و شوفێران کرایەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر شەقامى سەرەکى هەولێر – بەحرکەی لە شەقامی 120 مەتری تاوەکو شەقامی 150 مەتری لە سایدی چوون بۆ بەحرکە دواى نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی کردەوە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی ملیارێک و 645 ملیۆن دینار لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی، بە شێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بە جێبەجێکردنی کرابوو.
پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە کە شەقامێکى گرنگى شارى هەولێرە و هاتووچۆیەکى زۆرى لە سەرە و کارەکانى نۆژەنکردنەوەى بەکوالێتیەکى بەرز ئەنجامدراوە.
هەروەها جەختى لەوە کردەوە، پارێزگاى هەولێر لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانى هاتووچۆ هەوموو هەوڵێکى خۆى خستۆتەگەڕ.
ئەو ڕێگەیە هەر سێ شەقامی بازنەیی خێراى 100 مەتریی، 120مەتری، 150 مەتریی بەیەکەوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەى نزیکەى 5 کیلۆمەترە.
هەردوو قۆناغى یەکەمى کارەکانى لە شەقامی سەرەکی 100 مەتری تاوەکو 120 مەتری سایدی چوون بۆ بەحرکە و قۆناغى دووەمى لە شەقامی سەرەکی 120 مەترى تاکو شەقامی 150 مەترییە، کۆتایی هات و بەڕووى هاووڵاتییان و شۆفێران کرایەوە، کە کۆی گشتی کارەکانی پڕۆژەکەش لە هەردوو قۆناغدا بریتی بوو لە 85 هەزار مەتر دووجا قیڕتاوکردن و چاککردنەوەى شەقامەکە.





