پۆلیسی ڕاپەڕین بانگەوازێکی بەپەلە بۆ هاووڵاتیان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت”باندێک پەیدابوون وێنە و ڤیدیۆکانتان بەکاردەهێنن و داوای پارە لە هاووڵاتیان دەکەن”.
لە بانگەوازێکدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە و دەڵێت”ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنورەکەمان دەکەینەوە ماوەیەکە باندێک پەیدابوون هەڵدەستن بە داونلۆدکردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەوا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردن وەک (سناپ چات ، فەیسبووک ، ئينستاگرام …..) بە گشتی (public ) دادەندرێت”.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوباندە دوای داونلۆدکردنی ئەوەی مەبەستیانە، دواتر هەڕەشە لە خاوەنی وێنە و ڤیدیۆیەکە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە، و بە پێچەوانەوە بڵاوی دەکەنەوە، جگە لەوەش هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوە و دەستکاریکردن و دانانی نووسینی نەشیاو لەسەر وێنە و ڤیدیۆکان، دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئاینی.
پۆلیسی ڕاپەڕین داواکارە کە خۆتان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانتان ، بە شێوەی گشتی (public) لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
داواش لە هاووڵاتیان دەکات لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەم چەشنە دەتوانن سەردانی نوسینگەکانی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بکەن، هاووڵاتیانی خۆشەویستی سنوورەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان بەردەوامن لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بەم کارە هەڵدەستن.
