ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، بەبیانووی هەناردەی نەوتی هەرێم مووچەخۆرانی هەرێم “سزا دەدرێت” و دەشڵێت: بیانوویەكی ناڕاستە و كات بەڕێكردنە، بەپێی یاسای بودجە ئەگەر نەتوانرا نەوت هەناردە بكرێت دەدرێت بە عێراق بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ یان هەر پێویسستییەكی دیكە و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن.
كاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “سزادانی مووچەخوراوانی هەرێم بە بیانووی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جیهان تەنها بیانوویەکی ناڕاست و دروستکراوە و کات بەڕێکردنە !”.
ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت، ئایا ئەگەر کۆمپانیای ڕوزنەفتی ڕوسی کە لە %60 ، کۆمپانیای کار کە لە %40 خاوەنی بۆری بۆ جیهان یان تورکیا بەهۆی نرخەوە گرفتیان هەبوو یان گرفتیان دروستکرد لە هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕازی نەبوون! ڕێگای جێگرەوە چییە؟
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردۆتەوە، بە پێی یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ مادەی ١٢ / دووەم/ ب
لە هەر حاڵەتێک نەتوانرا نەوت هەناردە بکرێت: ئەوا نەوتی بەرهەمهاتوو ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات کە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ یان هەر پێویستیەکی تر کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات.
دەشڵێت: بە پێی بریاری ژمارە 550 لە 17/7/2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر لێکتێگەیشتنی لەگەڵ هەرێم، لە هەر حاڵەتێک و هەر هۆکارێک نەوت هەناردە نەکرا ئەوا بڕی دیاریکراو ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت.
كاوە عەلی، پەرلەمانتاری یەكگرتوو نووسیویەتی، “ئەگەر هەردوو حکومەت بیانویان بۆ سزادانی مووچەخوراوانی هەرێم ئەوە بێت هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری ناتوانن بکەن! ، ئەوا خۆیان ڕێگای بەدیلیان بە یاسا و بڕیار دیاریکردووە! ئەم گرفتە تەنها بۆ کات بەڕێکەردنە!”.
جەختیشی كردۆتەوە، “بابەتی کۆمپانیاکان کە ڕێگرن لە ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بە هەمان شێوە بیانووە، چونکە لە ١٤/٧ وە ١٦/٧ کۆمپانیاکان ڕایانگەیاندووە، کە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقمان ئاگادار کردووە تا مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێت پابەند نابین!! واتە باش دەزانن کە کات لەبەرژەوەندی هەردوو حکومەت و کۆمپانیاکانە و لە زیانی هاووڵاتیانی هەرێمە، ناکرێت هەردوو حکومەت تەنها چاویان لە ئازاردانی مووچەخوراوانی هەرێم بێت و بەس”.
