منارەی چۆلی نۆژەن دەکرێتەوە

هەولێر شارێکی جوانی خاوەن مێژوویەکی کۆنە و دێرینە و بوونی شوێنەواری وەک قەرات و منارەی چۆلی جوانییەکی زیاتری بەو شارە بەخشیوە، بە مەبەستی پاراستنی ئەم میراتە مێژووییەش، بڕیارە بەم نزیکانە دەست بە نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی بکرێت.

منارەی چۆلی، بە یەکێک لە شوێنەوارە دێرین و ناسراوەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان و بە یەکێک لە منارە دەگمەنەکانی ناوچەکە و جیهان دادەنرێت.

منارەی چۆلی، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری (1190 – 1232زایینی) دەگەڕێتەوە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای قەڵای هەولێر و یەکێکە لە سیمبولە دیارەکانی شارەکە، دوو دەرگا و دوو پلیکانەی جیاوازی هەیە بۆ سەرکەوتن، کە ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی. بەرزییەکەی نزیکەی 37 مەترە، بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەورووبەری چۆڵەوانی بووە، بە “منارەی چۆلی” ناسراوە.

پارێزگای هەولێر بڵاویكردۆتەوە، لە ئێستادا، تیمێکی شارەزای وڵاتی چیک لێکۆڵینەوەی وردیان لە بارەی منارەکەوە کردووە و کەموکوڕییەکانیان دەستنیشان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە، هەمان تیم 17 ساڵ لەمەوبەر کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ منارەکە ئەنجام دابوو.

ئاشكراشی كردووە، کاری نۆژەنکردنەوەکەش بریتی دەبێت لە: گۆڕینی شوورەی منارەکە، پڕکردنەوەی کەلێنەکان و چەندین گۆڕانکاری دیکە، دانانی کامێرای چاودێری لە دەورووبەری.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە