وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا یەکەم و کۆتا ڕۆژی دەوامی خوێندنی ساڵی نوێ دیاری نەکراوە، دەشڵێت، حکومەتی هەرێم لەهەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی ماف و شایستەی مامۆستایان و مووچەخۆران.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لەبارەی دەسپێکی دەوام لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ڕایگەیاند: تائێستا ساڵنامەی خوێندنی ساڵی نوێ واتا، یەکەم رۆژی دەوام و کۆتایی دەوام و کاتی تاقیرکردنەوەکان دانەنراوە، ئەنجومەنی وەزارەت لەکاتی پێویستی خۆی لەکۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو کۆدەبێتەوە بڕیاری پێویست دەدات.
باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی ماف و شایستەی مامۆستایان و مووچەخۆران.
لەبارەی گۆڕانکاری جل و بەرگ ئەوەی خستەڕوو، بۆ ئەمساڵ هەمان جل و بەرگ و ڕەنگی پارساڵ دەبێت، بەڵام بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 ڕەنگ و شێوازی جل و بەرگ دەگۆڕدرێت، ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ ئەو کاسبکارانەی جلی ساڵانی رابردوویان لەسەر مابۆوە، هەرکات دیزاین و ڕەنگمان دیاری کرد هەمووکەس ئازادە لەهێنانی ئەو شێوازە جل وبەرگە بەو ڕەنگانەی دیاری دەکرێن.
