یادگار عهلى حهمه مهحمود
هەریەكە لە سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی ڕوسیا دوای كۆبوونەوەكەی دوێنێیان لە ئالاسكا وردەكاریی ڕێككەوتنەكەیان ئاشكراكرد و دەڵێن: ئاگربەست كێشەی ئۆكراینا چارەسەر ناكات و دەبێت ئاشتتی هەمیشەیی ڕابگەیەنرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت شەڕی نێوان روســیا و ئۆکراینا بە ئاشتیی تەواوەتی کۆتایی بێت، نەوەک ئاگربەستێکی کاتیی.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، كۆبونەوەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەكاتی خۆیدا بووە و زۆر بەسود بووە، وڵاتەكەی پێی باشە جەنگی ئۆکراینا لە نزیکترین کاتدا بوەستێنرێن و بە چارەکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو جەنگە، هەموو کێشەکان چارە دەکرێن.
ڤلادیمیر پوتین، ئەمڕۆ شەممە لە میانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەی لەدوای گفتوگۆکانی ڕوسیا و ئەمریکا، ڕایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ هۆکارەکانی قەیرانی ئۆکراینایان تاوتوێ کردوە و دەرفەت ڕەخسا، بۆ ئەوەی قسە لەسەر ڕەگ و ڕیشە و هۆکارەکانی ئەم قەیرانە بکەین. بۆیە “نەهێشتنی ئەم هۆکارە ڕیشەییانە، دەبێتە هۆی ئەوەی بناغەی چارەسەر پێکبهێنرێت”.
باسی لەوەشكرد، “ڕوسیا ڕێز لە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا دەگرێت، کە پێی وایە پێویستە کردەوە شەڕانگێزییەکان بەخێرایی کۆتاییان پێبێت، ئێمەش ئارەزووی ئەوە دەکەین و دەمانەوێت بەرەو پێش بچین لە چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بە ڕێگای ئاشتیانە”.
ئەوەشی خستەڕو، “لە ئالاسکا فرسەتێک هەبو بۆ خستنەڕوی هەڵوێستی ڕوسیا بە هێمنی و بە وردی، گفتوگۆمان لەسەر ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا لەسەر بنەمای دادپەروەرانە کرد”.
پوتین و ترەمپ شەوی ڕابردو لە ئالاسکا كۆبوونەوە، کە كۆبوونەوەی دوو سەرکردەکە لە بنکەی سەربازی “ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن” لە ئەنکۆرەج ئەنجامدرا و 2 كاتژمێر و 45 خولەكی خایاند.
