لەترسی ئەمریکا عێراق بۆ حەشدی شەعبی بڕیار دەدات

شارەزایەکی سیاسی هەڵوێستی عێراق لەبارەی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی ئاشکرا دەکات و دەڵێت”پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە ڕەتدەکرێتەوە”.

ڕیاز واحیلی شارەزای کاروباری سیاسی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەى پرۆژەیاسای حەشدى شەعبی و فشارەکانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و ئەمریکا، بە میدیا عێراقییەکای ڕاگەیاندووە، ڕەنگە عێراق لەژێر فشار و ترسی سزاکانی ئەمریکا پرۆژەیاسای حەشدى شەعبی ڕەتبکاتەوە، هەروەها فشاری نێودەوڵەتی ڕوون هەیە، دیارترینیان ئەمریکایە، کە دژی چەسپاندنی ڕۆڵی هێزەکانی حەشدى شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، کە سیمایەکی سەربازیی لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ڕەتکردنەوەی ئەم یاسایە لەلایەن ئەمریکاوە لە ڕوانگەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بە یاساییکردنی پێگەی تایبەت بۆ هێزەکانی حەشدى شەعبی دەتوانرێت بە بەهێزکردنی کاریگەری گرووپە چەکدارەکان لێکبدرێتەوە، کە لە دەرەوەی وڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە چوارچێوەى پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

ئەو شارەزای سیاسییە دەشڵێت” ترسێکی ڕاستەقینە لە نێو هەندێک لایەنى سیاسیدا هەیە، کە دەرکردنی ئەم یاسایە ببێتە هۆی سزاکانی ئەمریکا، ئەمەش وایکردووە تێپەڕاندنی یاساکە ببێتە بابەتێكى سیاسی کە ڕەنگە کاردانەوەی بەرچاوی لەسەر وڵاتەكەمان هەبێت”.

واحیلی جەختیشدەکاتەوە، واقیعی سیاسی ئەمڕۆی عێراق توانای ململانێی لەگەڵ واشنتۆن نیە، بەتایبەتی لە چوارچێوەى قەیرانی ئابووری و پێویستی پاڵپشتی نێودەوڵەتی، جگە لەوەش بەشێک لە لایەنەکانی ناو پەرلەمان لە ترسی گۆشەگیری نێودەوڵەتی دەستیان کردووە بە پاشەکشەکردن لە پشتیوانیکردنی یاساکە.

ئیدارەی ئەمریکا بەبەردەوامی و بە ڕاشکاوی، لە ڕێگەی لێدوان و ڕاگەیاندنی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی، ناڕەزایەتی خۆی بەرانبەر بە پرۆژەیاسای نوێی هێزەکانی حەشدى شەعبی ڕاگەیاندووە، هۆشداریشی داوە کە پەسەندکردنی ئەو یاسایە دەتوانێت هەوڵەکانی سنووردارکردنی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەوڵەتدا تێکبدات، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە هێزە سیاسییەکان خستنەڕووی پرۆژەکە لە خشتەی دەنگدان دوابخەن، هاوکات ئەمریکا پێی وایە بەپەسەندکردنی ئەم یاسایە هەژموونی ئێران لەڕوووی سەرباززییەوە باڵ بەسەر عێراقدا دەکێشێت و بە توندی دەچێتە ژێر ڕکێفییەوە، ئەمەش وادەکات ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی لە عێڕاق بکەوێتە مەترسییەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە