ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ڕایگەیاند مامەڵەی سوودانی لە پرسی مووچەدا بێ ئومیدی کردوون و لەو بڕوایەشدایە کە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دۆخەکە دەتەقێتەوە.
هۆشیاری زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سۆمەرییە دەربارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەنێو خاکی عێراقدا بە درۆن هێرشەکان کراون، چەند ناوچەیەکیان بە ئامانج گرتووە، پارێزگای سلێمانییان بە ئامانج گرت، هاوکات فڕۆکەخانەی کەرکووک، فڕۆکەخانەی هەولێر، کێلگەکانی نەوتیشیان بە ئامانج گرت، هەرێمی کوردستانیش دامەزراوەی ئەمنی و هەواڵگریی هەیە، بە هاوبەشی حکومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، لێکۆڵینەوەمان لە ڕووداوەکان کرد و دەرکەوت، درۆنەکان و هێرشەکان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، لە دەشتی نەینەوا، لە ناوچەی ڕەشادی کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکەش.
وتیشی: “ئەم گرووپانە، بارەگاکانیان لە تەنیشت بارەگاکانی سوپای عێراقە لە ناوچەی سەوزی بەغدا” و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، چونکە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان، نزیکن لە ناوەندی بڕیاری ئەمریکا، بۆیە ئەم هێرشانە کاردانەوەی خراپی بەدوادادێت، ڕەنگە دەستبەجێ نەبێت، بەڵام بەدواداچوونی وردی بۆ دەکرێت.
بەرپرسەکەی پارتی وتیشی: “ئەمەی گرووپەکان دەیکەن، یاریی کردنە بە ئاگر لە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیار کە ناوچەکە داپۆشراوە بە ئاگر، ڕووبەڕووبوونەوەکان کۆتاییان نەهاتووە، نیشانەکانی تەقینەوەی بارودۆخەکە لەهەر کاتێکدا هەیە”.
زێباری ئاماژە بەوە دەکات، پەیامەکەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەی نووسراو بوو، بۆ ئەوەی نەتوانرێت هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بۆ بکرێت، تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی نییە لە پەرلەمان، هەرچەند حکومەتی فیدراڵ هەوڵیداوە ڕۆبیۆ بەوە ڕازی بکات کە عێراق بەرەو هەڵبژاردنەو ئێستا ناتوانن لەبەر بارودۆخی ناوخۆیی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەوە تەنها کات کوشتنە، هەر لەبەر ئەوە دەبیندرێت، زمانی قسەکردنی ئەمریکا لەگەڵ عێراق دەگۆڕێت و بەرزدەبێتەوە بەشێوەی هەڕەشە و سزادان، لەگەڵ کۆتایی هێنان بە هاوکاریی ئەمنی و سەربازیی و دارایی، ناوی کەسایەتی و لایەنەکانیش بە دیاریی کراوی دێنن، هەڵوێستەکانیان لەو بارەوە ڕوونە.
هەروەها دەڵێت: یاسای حەشدی شەعبی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، هەندێ لە لایەنە شیعییەکانیش لەگەڵ تێپەڕاندنی یاساکە نین، ئەگەری هەیە ئەمریکا هەمان بڕیار کە بەرانبەر لوبنان گرتییە بەر، هەمان هەنگاو بەرانبەر عێراق بگرێتە بەر، چونکە لەوێ بە لوبنانییەکانیان گوتووە، دۆلارێکیان پێ نادەن و ماڵێکیان بۆ نۆژەن ناکاتەوە، ئەگەر پرسی چەکدانانی حزبولڵا یەکلایی نەکاتەوە، ئەگەری هەیە بڕیارەکە بۆ عێراق قوڕستریش بێت، ئەو پەیوەندییەی ئێستا لەنێوان ئیدارەی نوێی ئەمریکا و حکومەتی عێراق هەیە، لاوازە.
هۆشیار زێباری ڕاشیگەیاند، “زانیاریمان هەیە، تەنانەت بە ناوی کەسەکانیشەوە، ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانی حکومەت دەکەین بۆ ئەوەی ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە بەرپرسن لە هێرشەکان.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقیش، هۆشیار زێباری لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: “هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ هەموو لایەنەکان قورسترین دەبێت، غیابی ڕەوتی سەدری زۆرێک لە هاوکێشە ناوخۆییەکان دەگۆڕێت، ئاشکرای کرد کە سەدر زۆر لە دۆخەکە بێزارە” و وتیشی: ئێمە چەکێکی سپی نادەین بە سوودانی بۆ قۆناغی داهاتوو، ئێمە زۆرێک لە سەرۆک حکومەتەکانمان گۆڕی، چونکە سیاسەتەکانیانمان ڕەتدەکردەوە.”
بە بڕوای هۆشیار زێباری “هەموو ئەو بارودۆخانەی لە ناوچەکە و لەڕووی نێودەڵەتییەوە دێنە پێش، هەموو ئاماژەکان وا نیشان دەدەن، بارودۆخەکە لە مانگی ئەیلوولدا دەتەقێتەوە، ئەگەری هەیە ئەو ڕووداوانە کاریگەریی لە هەڵبژاردنیش بکەن”.
زێباری ڕایگەیاند: “ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکەین وەک ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە، بەڵام نازانین تا ئەو کاتە چی ڕوودەدات، ڕەنگە شتی وا ڕووبدات لە کۆنتڕۆڵکردن دەربچێت، ماوەیەک پێش ئێستا لە بەغدا بیر لە دروستکردنی حکومەتی فریاکەوتن دەکرایەوە، من پێم وایە لە هەڵبژاردنە هەرە قورسەکان دەبێت بۆ هەر هەمووان، لەبەر ئەوەی بارودۆخەکە زۆر هەستیارە، گومانیش لە هەڵبژاردنەکان هەیە، بەشداریی نەکردنی لایەنی سەدری لە هەڵبژاردنەکان، زۆربەی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆ دەگۆڕێت.
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هۆشیار زێباری وتی: حکومەتی سوودانی بەشێوەیەکی زۆر نا مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، پێمان دەڵێن: “بڕۆن و ئێوەمان ناوێت”، دەڵێن:”ئێوە لە ئێمە نین”، وەک پێشتر حەنان فەتلاوی دەیوت:” پارەی خۆتان بۆ خۆتان، پارەی خۆشمان بۆخۆمان، نەوتی خۆتان بۆخۆتان، نەوتی خۆشـمان بۆخۆمان”، بەڵام دەوڵەت وا نابردرێت بەڕێوە.
زێباری ئاماژەی بەوە کرد، بژاردەی جیاوازیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، وتی: دانمان بەخۆماندا گرت بەرامبەر فشارە ئابووری و ئەمنی و سەربازییەکان و ئیدارییەکان کە هیچیان کاری باش نەبوون دەرهەق بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی کران.
وتی: ئێمە بەڵێن بە سوودانی نادەین لە هەڵبژاردن پشتیوانیی بکەین، ئێمە لەوانە بووین کە زۆرترین پشتیوانیمان لە سوودانی کرد، بەڵام بڕیارەکانی دوایی دژی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بوودجەکەی، بێئومێدی کردین.
