spot_imgspot_img

عێراق هاوردەکردنی تیۆتا کرۆلای چینی قەدەغە دەکات

لە هەنگاوێکدا کە دەتوانێت بازاڕی ئۆتۆمبێلی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت، حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریداوە ڕێگری لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکات کە لە وڵاتی چین دروستکراون و ناوی براندە ناسراوەکانی وەک تۆیۆتایان لەسەرە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکان جەنجاڵ بوون بە ئۆتۆمبێلی چینی کە بە نرخێکی هەرزانتر لە براندە ڕەسەنەکان دەفرۆشرێن.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمیەوە کە لە 27ی نیسانی 2025 دەرچووە، داوای لە دەستەی گشتی گومرگەکان کردووە پارێزگاری لە مافی خاوەندارێتی براندەکانی “تۆیۆتا، لێگزس، و هایلۆکس” بکەن.

نووسراوەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە ڕێگری لە هاوردەکردنی هەر ئۆتۆمبێلێک بکرێت کە ناوی تۆیۆتای لەسەر بێت و لە چینەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەمەش بۆ پاراستنی مافی ئەو بریکارە فەرمییەی کە مۆڵەتی ژمارە (M2-24.0028)ی لە عێراقدا هەیە.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای تۆیۆتا لە هەرێمی کوردستان، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕاستی نووسراوەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاندووە کە بۆ هەموو خاڵە گومرگییەکان نێردراوە و “چاوەڕێی جێبەجێکردنین”.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، “تا ئێستا هیچ نووسراوێکی لەو جۆرەمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر بەدەستمان بگات، بێگومان کاری پێدەکەین”.

خاوەن پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل لە هەولێر هۆکاری سەرەکی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە چینییەکان بۆ نرخە هەرزانەکانیان دەگەڕێنێتەوە.

هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 75٪ زیادی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار.

تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، زیاتر لە 81 هەزار ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، کە بەشێکی بەرچاویان چینی بوون.

تێکڕای نرخی ئۆتۆمبێلێکی چینی هاوردەکراو بۆ عێراق نزیکەی 13,300 دۆلارە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی ئۆتۆمبێلێکی ژاپۆنی دەگاتە 34,500 دۆلار.

لە ساڵی 2023دا، چین بە تەنیا 19٪ی بازاڕی هاوردەی ئۆتۆمبێلی لە عێراقدا داپۆشیوە.

ئەم بڕیارە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کڕیاران و فرۆشیاران دەبێت.

لە لایەکەوە براندە ڕەسەنەکان دەپارێزێت و لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکاندا، بەتایبەت بۆ ئەو کڕیارانەی کە بەدوای ئۆتۆمبێلی هەرزانتردا دەگەڕێن. تا ئێستا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت چاوەڕێی گەیشتنی نووسراوی فەرمین بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە