spot_imgspot_img

بەغدا، بە ١٦٠ هەزار دار، ڕووبەڕووی گەرما و تەپوتۆز دەبێتەوە

یادگار عه‌لى حه‌مه‌ مه‌حمود

ئەمانەی بەغدا ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا زیاتر لە ١٦٠ هەزار داری تەمەن درێژیان لە شەقام وناوجەکانی ناوەنددا چاندووە، لە چوارچێوەی پلانێکدایە بۆ زیادکردنی ڕووبەرە سەوزاییەکان و جوانکردنی دیمەنی شارستانی، لەگەڵ کەمکردنەوەی کاریگەریی تۆز و خۆڵ.

عەدی جەندی، وتەبێژی ئەمانە، ڕایگەیاندووە؛ فەرمانگەی پارک و باخچەکان دۆسیەی دار چاندن و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی کردووەتە ئەولەوییەتی کارەکانی، لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ئەو زەوییانەی کە وازیان لێهێنراوە و گۆڕینیان بۆ پڕۆژەی ژینگەدۆست کە جوانی زیاد دەکەن و یارمەتیدەرن لە دابەزاندنی پلەکانی گەرما.

جەندی جەختی لەوە کردەوە، ئەمانە ئەو کۆمپانیایانەی پابەند کردووە کە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان جێبەجێ دەکەن، لە چوارچێوەی گرێبەستەکانیاندا، بە قەرەبووکردنەوەی ئەو دار و ڕووەکانەی بەهۆی ناکۆکییان لەگەڵ کارەکانی بیناسازی لادەبرێن و گۆڕینیان بە داری نوێ بەپێی نەخشەی پەسەندکراو.

دووپاتیکردەوە؛ پلانەکەیان ئامانجی زیادکردنی ژمارەی دارەکانە نەک کەمکردنەوەیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دارانەی چێنراون پێویستییان بە ئاو کەمە و توانای بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و دابەزاندنی پلەکانی گەرمایان هەیە لە ناوچە سێبەرەکاندا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە دانیشتووانی پایتەخت ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بە لابردنی دارە تەمەن درێژەکان لە هەندێک ناوچە، کە ڕووبەرە سەوزاییەکان بە پڕۆژەی بیناسازی جێگەیان گیراوەتەوە.

هاووڵاتیان داوای چاککردنەوەی ڕووبەرە سەوزاییە نوێیەکان دەکەن، و هاندانی دروستکردنی باخچەی ماڵان کە بەهۆی بچووکبوونەوەی ڕووبەری خانووەکان کەمبوونەتەوە، لەگەڵ بەردەوامی دیاردەی ڕاماڵینی زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینیان بۆ ناوچەی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری بەغدا.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە