ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەت بەردەوامە لە زیادكردنی داهاتی نانەوتی لە چوارچێوەی سیاسەتی داراییدا و دەشڵێت: مافی فەرمانبەران لە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە نافەوتێ.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، حكومەتی عیراق لە چوارچێوەی چاكسازیی لە سیاسەتی دارایی بەردەوامە لەسەر زیادكردنی داهاتی نانەوتی لە پێناو پڕكردنەوەی كورتهێناندا.
ڕاشیگەیاندووە، سیاسەتی دارایی تەنها لە چوارچێوەی فەرمانبەراندا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو پێویستی بە پلان هەیە و یەكێك لە بابەتەكانیش هاوسەنگی خەرجی و دادپەوەریی دابەشكردنی داهاتە.
وتیشی، “ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران كاریگەری لەسەر باج و داهاتی ناوخۆ هەیە و ڕاگرتنی سەرمووچەش كاریگەری لەسەر دادپەروەری دابەشكردنی سەرچاوەی دارایی دەوڵەت هەیە”.
جەختیشی كردۆتەوە، نەبوونی خشتەكانی یاسای بودجەش مانای ئەوە نییە فەرمانبەر لە مافەكانی بێبەش دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە بڕیاری تەیف سامی، وەزسری دارایی عێراق سەرجەم مافەكانی فەرمانبەران لە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە و گواستنەوەی ڕاژە و هەژماری ڕاژە و بڕوانامە ڕاگیراوە، بەڵام لە هەفتەی ڕابردوودا بە بڕیارێكی سەرۆك وەزیران ئەو بڕیارەی دارایی هەڵوەشێنرایەوە و جەخت لە دەستپێكردنەوەی ئەو مافانەی فەرمانبەران كرایەوە.
