وەزیری دارایی داوا لە شاندی هەرێم دەکات داتای 800 هەزار فەرمانبەری ڕادەست بكەن تاوەكو تەوتینی مووچەیان بۆ بكات.
بەپێی ئامارەكانی هەژماری من و وەزارەتی دارایی هەرێم، زیاتر لە 800 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر هەژماری بانكییان لەناو پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ كراوەتەوە.
ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویكردەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی داوای لە شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کردووە، کە وردەکاری تەواوی ناوی ئەو فەرمانبەرانە پێشکەش بکەن، کە لە پرۆژەی بانکی “هەژماری من” تۆمارکراون، کە نزیکەی ٨٠٠ هەزار فەرمانبەر لەخۆدەگرێت.
وتیشی، “وەزیر جەختی لە پێویستی گواستنەوەی ئەو داتایانە بۆ بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید کردووەتەوە بە مەبەستی تەوتین كردنی مووچەكانیان بەپێی ڕێكارە یاسایی و كارپێكراوەكان”.
وەزارەتی دارایی لە هەرێمی کوردستان ساڵانێک لەمەوبەر پڕۆژەی “هەژماری من”ی دەستپێکرد بە ئامانجی بەبانكی كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی کارتی بانکی و ئاسانکاری بۆ خەرجکردن و دڵنیابوون لە شەفافیەت لە دابەشکردنی مووچەدا. پڕۆژەکە نزیکەی 800 هەزار کارمەندی وەزارەتە جیاوازەکانی هەرێم لەخۆدەگرێت، کە لە بانکەكانی هەرێم هەژماریان بۆ کراوەتەوە.
