ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور دەڵێت، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری ”دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان”.
میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور ناردووە و بۆیان خوێندراوەتەوە.
کەمپی مەخموور لە ساڵی 1998 لە بناری چیای قەرەچووخ لە ڕۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکرا. کەمپەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای مەخموورە لە پارێزگای نەینەوا.
ئۆجالان لە پەیامەکەدا سڵاوی ئاراستەی دانیشتووانی کەمپەکە کردووە و وتوویەتی: ”گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێراوە و خاوەن بەهایەکی گەورەیە، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوەکانیان سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی لە ئەستۆ گرتووە”.
دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:
سڵاوی گەرمی خۆم ئاراستەی تەواوی گەلەکەمان دەکەم کە لە مەخموور دەژین. گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا رۆڵێکی زۆر گرنگی گێراوە و خاوەن بەهایەکی گەورە بووە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوە سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی هەڵگرتووە. دۆخ هەرچییەک بێت، سەلماندوویانە کە ژیانی ئازاد لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. خاوەن سووربوون و ماندووبوونێک بوون کە شایستەی گەلی کورد و تێکۆشانەکەی بێت.
باوەڕم وایە گەلەکەمان لە مەخموور، هەروەک چۆن لە رابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی تێکۆشانمان بووە، لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسیشدا هەمان رۆڵ و ئەرک لە ئەستۆ دەگرێ. وەک هێزی داینامیکی ئەم پرۆسەیە، لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و پێشەنگایەتیکردنیان، پێویستیی میراتی تێکۆشانەکەیانە. یەکێک لە خاڵەکانی گفتوگۆکانمان لەبارەی دۆخی گەلەکەمانە لە مەخموور. بێگومان لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، گەڕانەوەی گەلەکەمان بۆ خاکی خۆیان بەدی دێت. بەڵام دەبێت بزانرێت کە نابێت مامەڵەی کەسی و خێزانی زاڵ بێت. پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایییەکان چارەسەر دەکەین و لەسەر ئەم بنەمایە بەرەو چارەسەری هەنگاو دەنێین.
سەبارەت بە پەنابەرانی مەخموور، ئەورووپا و هەموو پەنابەرانی دیکە، بەم شێوەیە بیر دەکەمەوە: گەڕانەوەی هەمووتان بە کۆمەڵ دەبێ و جوگرافیاکە ئێمە دیاری دەکەین. ئایا دەتانەوێت بگەڕێنەوە؟
وا دادەنێین کە داواکاریی گەڕانەوە نیوە بە نیوە دەبێت. پێویستە بە کۆمەڵ بیر لە گەڕانەوە بکەینەوە. لەم چوارچێوەیەدا سڵاوی من بگەیەنن بە گەلی مەخموور.
لەسەر ئەم بنەمایە، سڵاو و خۆشەویستیی قووڵ و بێ پایانم ئاراستەی تەواوی گەلی مەخموور دەکەم، بەتایبەتی ژنان و گەنجان.
