جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: نازانین داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا مانای چییە لە کاتێکدا حکومەتێکی تێدا نییە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ پلانێکی نییە بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا، ئەم پرسە بەنیازە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەیڤد لامی، لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی بکات.
بەپێی ئاژانسی “ڕۆیتەرز”، ڤانس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە: “هیچ پلانێکمان نییە بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا و وتویەتی؛ نازانم داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی چی دەگەیەنێت کاتێک حکومەتێکی کارا لەوێ بوونی نییە”.
لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی؛ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ “زۆر ڕوونە لەسەر ئامانجەکانی و ئەوەی دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستی بهێنێت، بەردەوام دەبێت لەسەر ئەوە”.
نزیکەی ١٤٤ وڵات لە کۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە فەڵەستیندا دەنێن وەک دەوڵەت، لەنێویاندا زۆربەی وڵاتانی باشووری جیهان، ڕووسیا، چین و هیندستان، بەڵام ژمارەیەکی کەمی ٢٧ ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دانیان پێداناوە، کە زۆربەیان وڵاتانی شیوعی پێشوون، جگە لە سوید و قوبرس.
سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، لە مانگی تەمموزدا لە پەیامێکیدا بۆ مەحمود عەباس، جەختی لەسەر نیازی فەرەنسا کردەوە بۆ هەنگاونان بەرەو داننان و کارکردن بۆ ڕازیکردنی هاوبەشەکانی دیکە بۆ ئەنجامدانی هەمان کار و ڕایگەیاند؛ مانگی داهاتوو لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندنێکی فەرمی دەردەکات.
فەرەنسا ئێستا بە یەکەم هێزی گەورەی ڕۆژئاوایی دادەنرێت کە هەڵوێستی دیپلۆماسی خۆی بەرامبەر بە دەوڵەتی فەڵەستین دەگۆڕێت، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج بە فەرمی دانیان پێدانا.
