شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی كۆتایی هاتنی گەرمای هاوین دەكات و ڕایدەگەیەنێت، هیچ شەپۆلێکی زۆر بەهێزی گەرمای هاوشێوەی ئەم ماوەیە پێشبینی ناکرێت بۆ ناوچەكانی هەرێم و دەشڵێت: لە ناوچە شاخاوییەكان سات هەست بەگۆرانکاری و فێنکبوونی کەشوهەوا دەکرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 8/8/2025 بەراورد بە دوێنێ پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 2 پلە نزم دەبنەوە و لە سبەی شەممەوە بەهەمان ڕێژەی ئەمڕۆ و ڕۆژانی ڕابردوو بەرزدەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، هیچ شەپۆلێکی زۆر بەهێزی گەرما پێشبینی ناکرێت بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەهەمان رێژەی گەرمی کە ئێستا هەیە گەرمای هاوینە لەناوچەکانمان بۆ ڕۆژانی داهاتوو بەردەوامی ئەبێت.
وتیشی، لە ئەمڕۆوە بەدواوە بەتایبەت لەناوچە شاخاوی و نیمچە شاخاوییەکان گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر پلەی گەرمی کاتەکانی شەواندا دێت و سات بۆ سات هەست بەگۆڕانکاری و فێنکبوونی کەشوهەوا دەکرێت.
ڕوونیشی كردەوە، لە 16 و 17ی ئەم مانگەوە بەگشتی ئەچینە نێو قۆناغێکی نوێ، کە ئەویش نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمایە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کۆتایی بەو شەپۆلە گەرمایە دێت، کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ناوچەکانمان جێگیربووە، واتا لەو ڕێکەوتە بەدواوە بەشێوەیەکی ئاسایی گەرمای هاوینی ئەمساڵ کەم دەبێتەوە.
