بەڕێوەبەرایەتیی مۆنۆمێنتی ئەنفال/ چەمچەماڵ داوادەکات لەماوەی ئەم دووڕۆژەدا قوربانیانی دەستی عەجاج پەلەبکەن و سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن بەمەبەستی دادگاییکردنی و سەپاندنی سزای شایستە دژی تاوانەکانی ئەنفال.
بەڕێوەبەرایەتیی مۆنۆمێنتی ئەنفال/ چەمچەماڵ، لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتیان دەڵێت، هەموو ئەو کەسانەی کە لە کاتى شاڵاوەکانى ئەنفال لە زیندانى نوگرەسەلمان دەستگیرکراون ئاگادار دەکەینەوە، کە تەنها دوو رۆژ ماوە بۆ تۆمارکردنى سکاڵا دژی تۆمەتبار (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتى).
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کەسانەى دەیانەوێت سکاڵا تۆماربکەن سبەینێ هەینى 8/8 و رۆژى شەممە 2025/8/9 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی مۆنۆمێنتی ئەنفال بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی سکاڵا.
بەپێی ئاگادارییەکە، لەو دوو رۆژەدا لە کاتژمێر 9:00ـى بەیانى تا 12:00ـى نیوەڕۆ لە مۆنۆمێنتى ئەنفال پێشوازى لە سکاڵاکاران دەکرێت.
ڕۆژی 31ـی تەمموزی 2025، عێراق تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی “عەجاج ئەحمەد حەردان” دەستگیرکرد، کە یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە لە باشووری عێراق، هاوکات نووسینگەی خانمی یەكەمی عێراق رایگەیاندبوو، داوا لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان دەكەین پەیوەندیمان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە.
