سەرۆکایەتیی گانا هەواڵی گیان لەدەستدانی وەزیرانی بەرگری و ژینگەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت” لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەردا گیانیان لەدەستداوە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی ئاب، جولیۆس دێبرا، بەڕێوەبەری نووسینگەی جۆن ماهاما، سەرۆک کۆماری گانا پشتڕاستی کردەوە، ئیدوارد ئۆمان بواما، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم مورتالا محەمەد، وەزیری ژینگە لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان لەگەڵ شەش کەسیتر گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆک و حکوومەت پرسە و هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی خانەوادەی هاوکاران و سەربازانمان دەکەن کە لە کاتی خزمەتکردنی نیشتماندا گیانیان بەخشی.
لە ڕووداوەکەدا هەریەک لە حاجی مونیر محەمەد، جێگری ڕێکخەری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری پێشووتری کشتوکاڵ، لەگەڵ ساموێل سارپۆنگ، جێگری سەرۆکی پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتی کە حزبی فەرمانڕەوایە، گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژی چوارشەممە، هێزی ئاسمانیی گانا ڕایگەیاندبوو کە هێلیکۆپتەرێکی سەربازی دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی لە ئەکڕای پایتەختەوە لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی، لە ڕادار ون بووە. هێلیکۆپتەرەکە بەرەو شاری ئۆبواسی لە باکووری ڕۆژئاوای پایتەخت بەڕێکەوتبوو و 3 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی و 5 سەرنشینی تێدابووە.
