ئێران کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد لەسێدارە دا

ئێران سزای لەسێدارەدانی دوو کەسی ڕاگەیاند کە یەکێکیان تۆمەتبار بوو بە سیخوڕیکردن بۆ دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی و دووەمیشیان بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی مەهدی عەسکەرزادە و ڕووزبە وادی کە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کرابوو، جێبەجێ کرا.

ئاماژە بەوە کراوە عەسکەرزادە ئەندامی داعش بووە، تۆمەتبار کراوە بە بەشداری کردن لە مەشقی سەربازی و ئایدیۆلۆجی لە سووریا و عێراق، بەشداریکردن لە شەڕەکاندا لە سووریا و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چالاکی لە ئێران.

ڕووزبە وادیش کە بەهۆی ئەوەی سیخوڕی بۆ مۆساد کردووە دادگایی کراوە، لە یەکێک لە دامەزراوە هەستیارەکانی وڵاتدا کاری کردووە و لەگەڵ بریکارەکانی موساد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەندی هەبووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ڕووزبە چەند جارێک لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا لەگەڵ بریکارەکانی مۆساد کۆبووەوەتە و لەسەر چۆنێتی پاراستنی پەیوەندییەکانی و گەیاندنی زانیاری مەشقی کردووە.

وادی تۆمەتباریش بووە بەوەی زانیاری سەبارەت بە زانایەکی ئەتۆمی ئێران داوە بە مۆساد کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلدا کوژراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە