spot_imgspot_img

مووچە، ناکۆکییە خامۆشەکانی نێوان هەرێم و عێراق زیندوو دەکاتەوە

ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی، فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی هەرێم دروست دەکات، بێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەک بۆ حکومەتی عێراق و بەتایبەتی بۆ سەرۆکەکەی، محەمەد شیاع سودانی بەدی بهێنێت، لە کاتێکدا، ئەم ناکۆکیانە خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەو لایەنانە دەکات کە بەردەوام کار بۆ وروژاندن و هێشتنەوەی دۆخەکە دەکەن.

لێدوانێکی توندی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە ڕەخنەگرتنی لە دەسەڵاتدارانی عێراق، ڕەنگدانەوەی ئەو گرژییە بوو کە باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا کێشاوە.

ئەم گرژییە لە بنەڕەتدا لە ئەنجامی فشارە داراییە توندەکانی بەغدا لەسەر هەرێم سەرچاوەی گرتووە، کە کاریگەرییەکانی دەستیان کردووە بە زیندووکردنەوەی ناکۆکییە کۆن و خامۆش و لەسەر ڕەفە دانراوەکان، وەک ناکۆکی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان، کە بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور یان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناسراون.

زیادبوونی گرژیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتدارانی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە قۆناغی بەرەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، بە کەمکردنەوەی سەرمایە و سەرکەوتنەکانی حکومەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، لە هێورکردنەوەی کەشی سیاسی گشتیی وڵات و بەڕێوەبردنی پەیوەندیی نێوان هاوبەشە ناوخۆییە جیاوازەکاندا هەژمار دەکرێت.

بە لۆژیکێکی بەرژەوەندیخوازانەی ڕاستەوخۆ، گرژیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی سودانیدا نییە، کە هەڕەشەی لەدەستدانی پشتیوانیی هاوبەشە کوردە بەهێزەکانی لێدەکرێت کە لە بنەڕەتدا بەشدارن لە پێکهێنانی حکومەتە ئێستاکەیدا.

لەلایەکی تری هاوکێشەکەوە، زیادبوون و بەردەوامیی گرژییەکە بە سەرکەوتن بۆ نەیاران و ڕکابەرە گەورەکانی سودانی لەناو بنەماڵە سیاسییە شیعەکەی خۆیدا هەژمار دەکرێت. ئەمەش هێزە شیعەکان لە پارت و گرووپە چەکدارەکان لەسەر ئاڵۆزکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی، لە ڕێگەی توندڕەوی لە پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێراق و پرسی مووچەوە، تەنانەت هەندێک لەو گرووپانە تێوەگلاون لە هێرشی درۆنی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

پێکهاتەکان لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبنەوە

دەربڕینی تووڕەیی کورد بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی فیدراڵی لە یەکێک لەگرنگترین سەرچاوە حزبییەکانی پێکهاتەکەوە هات، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەسەر دەستی ڕێکخراوی داعش، داوای “کۆتاییهێنان بەو عەقلییەت و ڕەفتارە شۆڤێنیانەی کرد کە هێشتا بە بیانووی جیاواز ستەم لە گەلی کوردستان دەکەن و بە عەقلییەتێکی نکۆڵیکاری و نامرۆڤانە مامەڵە دەکەن.”

هەروەها حکومەتی هەرێم لەسەر زاری وەزیری ناوخۆکەیەوە، تووڕەیی خۆی لەبارەی پرسی مووچەوە دەربڕی و بازنەی ڕەخنەکانی فراوانتر کرد بۆ پرس و ناکۆکەکانی تر، لە سەرووشیانەوە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی بۆردومانە دووبارەکانی ئەم دواییەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

ڕێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ کە پرسی مووچەی فەرمانبەران بووەتە چیرۆکێکی درێژ و لە قەبارەی خۆی زیاتری پێدراوە، سەرەڕای ئەوەی کە مووچە مافێکی بنەڕەتیی گەلی کوردستانە و پەیوەستە بەژیانی خەڵکەوە.

ئەو وەبیری هێنایەوە کە پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا “دەستوورییە، بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و یاسا بۆ جێبەجێکردنیان، دەبێت پارێزگاری لە مافەکانی گەلی کوردستان بکرێت و کۆتایی بە سیاسەتی زیانگەیاندن بە مافەکانی کورد بهێنرێت.”

هەروەها وتی: دەبێت سیاسەتی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبێت، چونکە بڕینی مووچە و بودجە هیچیان لەو کارەساتانە کەمتر نییە، کە پێشتر هەرێم تووشی بووە،  ئەو ئەمەی بە “گەمارۆیەکی سەپێنراو بەسەر گەلی کوردستاندا” لە قەڵەمدا و بە کارەساتێکی گەورەی زانی.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، پرسی مووچە بووەتە کێشەیەکی درێژخایەن کە هەموو جارێک دوای تێپەڕاندنی بەشێوەیەکی کاتی و بە چارەسەری هەنووکەیی، سەرهەڵدەداتەوە.

هەندێک لەو چارەسەرانە پابەندکردنی هەرێم بە گواستنەوەی بەشێک لە داهاتە ناوخۆییەکانی بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی لەخۆدەگرێت.

میدیا ناوخۆییەکان بڵاویان کردەوە کە بڕی سەد و بیست ملیار دینار لە داهاتە نانەوتییەکان، کە بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیگوازێتەوە بۆ حکومەتی عێراق لە بەرامبەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیراندا، ئامادەیە بۆ سپاردن و هۆکاری سپاردن نەکردنیشی “چاوەڕوانی گەیشتن بە ڕێککەوتنە لەسەر نەوت یان وەرگرتنی گەرەنتی لە بەغداوە بۆ دابینکردنی مووچە.”

گرژیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی سودانیدا نییە

لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ڕابردوودا، ڕێککەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێردا کرا بۆ ئەوەی هەرێم ڕۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکەن، بەڵام هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زیانێکی زۆریان بە دامەزراوە نەوتییەکان گەیاند، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێککەوتنەکان لە دەرەوەی یاسا و دەستوور بوون، بەڵام سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی مووچەی گەلی کوردستان ڕەزامەندییان لەسەر داوە بۆیە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی جدی بەرامبەر بە هەرێم بجوڵێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی خەرج بکات.

وەزیرەکەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتێکی تری ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر کرد، کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی باس ناکرێت و وروژاندنی لەم کاتەدا بەنیشانەی گرژیی کەشی نێوان هەردوولا دادەنرێت، ئەویش بابەتی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ە.

ڕێبەر ئەحمەد تۆمەتی ناڕاستەوخۆی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی فیدراڵی کرد بەچاوپۆشیکردن لە پڕۆسەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی کە لەو ناوچانەدا ڕوودەدەن و وتی؛پێکهاتەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە، لە ئێزدی و مەسیحی و شەبەک و پێکهاتەکانی تر، ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبنەوە لەسەر بوون و کولتووریان، بەهۆی گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی گەورەوە لەو ناوچانەدا.

ئەو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی کرد، کە ڕێگری لە گۆڕینی دیمۆگرافی لەو ناوچانەدا بکەن.

هەروەها ئاماژەی بەدیارترین ئاڵنگاریی ئەمنی کرد، کە لە ئێستادا لەبەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندایە و کاریگەریشی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی هەیە، ئەویش ئاڵنگاریی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانە کە هێشتا بە فەرمی بە “نادیار” ناودەبرێن، سەرەڕای بوونی باوەڕێکی گشتی کە ئەوەی لە پشتیانەوەیە جگە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە حەشدی شەعبین، کە بە ڕواڵەت دامەزراوەیەکی فەرمییە و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدایە.

هەرێم لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی زیاتر لە بیست هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بووەتەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج.

ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە بوونی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرد و وتی، کە لیژنەیەکی تەکنیکییە و کاردەکات بۆ یەکخستنی هەوڵەکان بۆ زانینی جۆری ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان بەکاریان دەهێنن.

ئەو وای دانا کە “بۆ حکومەتی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ڕوون بووەتەوە کە کام گرووپ و لایەن خاوەنی ئەو جۆرە فڕۆکانەن و پێشتریش ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون”.

جەختی کردەوە و وتی: “دەزانین فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کوێ دروست دەکرێن، چۆن ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، و ئامانج لێیان چییە، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکەین”.

سەرچاوە؛ alarab.co.uk

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە