ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت بە بێ ڕادەستکردنی نەوت، بەغدا پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانیرێت هەرچەندە پێویستی بە هەناردەکردنی ئەو نەوتەش نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “عێراق دەزانێت هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەست بکات، بەڵام وەڵایی نەوت ڕادەست نەکرێت و هەناردە نەکرێت و نەفرۆشرێت، عێراق پارە نانێرێت”.
جەختیشیکردەوە لەوەی عێراق پێویستی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام لەخۆڕا پارەش ناداتە هەرێم، “ئەگەر هەرێم بیەوێت نەوت ڕادەست نەکات، مانگانە 40-50 ملیار بخاتە سەر هەژمارەی بانکی ناوەندی و لە بەرامبەریشدا عێراق مانگانە 900-950 ملیار دیناری بۆ بنێرێت، ئەمە ڕوو نادات”.
کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاند، عێراق دەیەوێت لە ڕێی نەوتەوە باڵادەستی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە هەرێمی کوردستان بە خواستی خۆی چووە بەغدا و ڕازی بوو ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات ە ئەوەش لە یاسای بودجەدا جێگیرکرا، دوای ڕازی بوو 230 هەزار بداتە عێراق، بەڵام ئێستا بۆ نەوتەکە نادات.
