وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بڕیاری پلەبەرزكردنەوەی زیاتر لە 12 هەزار پێشمەرگەی دەركرد، هاوكات محەمەد شیاع سودانی فەرمانی بە وەزارەتی دارایی كرد دەست بە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران بكاتەوە، بەلام ماوەی 10 ساڵە فەرمانبەرانی هەرێم لەو مافە یاساییە بێبەشن و تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ دوای بڕیارەكەی عێراق، حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوە بۆ فەرمانبەران دەكاتەوە یان نا.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە پێی فەرمانی وەزاری وەزارەتەکەیان و پاڵپشت بەماددەی 14 لەسیستەمی ژمارە (6)ی ساڵی 2011ی پەیڕەوی نیزامی ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە تایبەت بەیاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007، ئاماژە بە فەرمانی وەزاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی گشتی ژمارە (6033) له 2011/12/4 تایبەت بە ڕێنمایی پلە بەرزکردنەوەی کارمەندان بریاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی 12 هەزار و 10 پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواکانی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە.
هاوكات، هەر ئەمڕۆ دوو شەممە 4ی ئاب، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە فەرمانێكیدا بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە، كە دەست بە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە و هەژماری ڕاژە و گواستنەوەی فەرمانبەران بكاتەوە، كە لە سەرەتای ئەمساڵدا بە فەرمانێكی وەزارەتی دارایی ڕاگیرابوون تا پەسەند كردنی خشتەكانی بودجە.
ئەو بڕیارەی سودانی لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێمیش ڕاستەوخۆ پابەندی بڕیارەكەی تەیف سامی بوو لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ ڕاگرتنی “سەرمووچە و گواستنەوەی ڕاژە و هەژماری خزمەت و بڕوانامە” بەڵام كە ئێستا ئەو مافانە بۆ فەرمانبەران دەگەڕێنرێتەوە دیار نییە حكومەتی هەرێم تاكو چەند پابەندی دەبێت.
گوڵاڵە سدیق، مامۆستای زانكۆ و شارەزای دارایی و بانك لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “پلەبەرزکردنەوە لە عێراق دەستی پێکردەوە و هەر ئەمڕۆش وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بڕیاری پلەبەرزکرنەوەی ١٢ هەزار ئەفسەر و پێشمەرگەی ڕاگەیاند، بەڵام هەتا ئێستا چارەنووسی پلەبەرزکرنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و مامۆستایان بە نادیاری ماوەتەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، جگە لە وەزارەتە ئەمنییەکان، هەر یەکە لە فەرمانبەرانی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و ئەنجوومەنی دادوەری و فەرمانبەرانی دەستەی دەستپاکی و فەرمانبەرانی چاودێری دارایی و فەرمانبەرانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم پلەبەرزکردنەوەیان بۆ گەڕێنراوەتەوە!
دەشڵێت: حکومەتی هەرێم مافێکی فەرمانبەرانی بە ڕێنمایی زەوتکردووە، کە بە یاسا ئەم مافە دراوە، لە کاتێکدا ڕێنمایی ناتوانێت مافێک بسەنێتەوە، کە بە یاسا دراوە، چونکە لە یاسادا، دەبێت ئەو یاسایەی کە یاسایەکی تر پوچەڵ دەکاتەوە هەمان هێزی یاسایی و هەمان مەرتەبەی یاسایی هەبێت، نەک بە ڕێنماییەک کە هێزی یاسایی کەمترە حکومەت هەستێت بە زەوتکردنی ئەو مافە یاساییە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختیشی كردۆتەوە، ئەم ستەمە گەورەی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە، کە لە مانگی 7ەوە بە ڕێژەی ٣% مووچەی بنەڕەتی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەو فەرمانبەرانە دەبڕدرێت، کە هەریەکەیان ٤٤ مووچەی پاشەکەوت و ١٦ مووچەی نەدراوی لای حکومەتی هەرێمە، لەگەڵ مووچەی مانگەکانی ٦ و ٧ ی ٢٠٢٥.
لە ساڵی 2016دا لەگەڵ داهێنانی سیستمی پاشەكەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران درا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەكاتێكدا پلەبەرزكردنەوە بە یاسا وەك مافی یاسایی بۆ فەرمانبەران جێگیر كراوە، بەلام بۆ هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە پلەبەرزكردنەوە ڕانەگیرا و تەنها ئەو مافەی فەرمانبەرانی مەدەنی ڕاگیرا.
لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم چەند جارێك بەڵێنی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی بە فەرمانبەران داوە، كە هەر فەرمانبەرێك دوو بۆ سێ پلەی وەستاوە، كە دەكاتە ئەوەی مانگانە لە نێوان 60 بۆ 200 هەزار لە مووچەكەی ببڕدرێت، بەلام هێشتا حكومەت بەڵێنكەی جێبەجێ نەكردووە بەرامبەر بە فەرمانبەران.
