حکومەتەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا ڕایانگەیاندووە، کە فەلەستین وەک دەوڵەت دەناسێنن و ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە، هاندەری پشت ناساندنی فەلەستین وەک دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنامەی سایکس- بیکۆ.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، هاندەری پشت ناساندنی فەلەستین وەک دەوڵەت لەلایەن فەڕەنسا و بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنامەی سایکس- بیکۆ.
هەرچەندە هیچ لایەنێکیان باسیان لە رێککەوتنامەی سایکس- بیکۆ نەکردووە، کە لە 1916 بە نهێنی لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا واژۆکرا، بەپێی رێککەوتننامەکە ئەو دوو وڵاتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانیان دابەشکرد و سنوری ژمارەیەک دەوڵەتیان کێشا.
یوجین رۆگان، پڕۆفیسۆر لە مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەڵێت: “مێژوو پەیوەندیدارە، ئەوە پیشان دەدات هەموو کاتێک هەلێک هەیە بۆ کاراکتەرە مێژووییەکان، کە لە ڕابردوودا هەڵەیان ئەنجامداوە، هەڵەکانیان ڕاست بکەنەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، ناساندنی فەلەستین وەک دەوڵەت لەلایەن فەڕەنسا و بەریتانیاوە، هەنگاوێکی دروستە بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی هەڵەکانی پێشووی ئەو دوو وڵاتە، کە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر ئەنجامیان داوە.
لەلایەکی دیکەوە، مایکڵ بی ئۆرێن، مێژوونوسی ئیسرائیلی- ئەمریکی و باڵوێزی پێشووی ئیسرائیل لە واشنتۆن دەڵێت: “بڕیارەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ ناساندنی فەلەستین وەک دەوڵەت، نابێتە هۆی راگرتنی شەڕی غەززە، بەڵکو دەبێتە هۆی بەردەوامی شەڕەکە”.
دەشڵێت: “لە ئێستادا بەخشینی دەوڵەت بە فەلەستینییەکان، وا لە حەماس دەکات کەمتر ئارەزووی ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەبێت”.
لەلایەن مێژوونوسانەوە سایکس- بیکۆ بە نموونەی خۆبەزلزانینی ئیمپراتۆریەتی ئەوروپیەکان و جێبەجێکردنی وەڵامدانەی خواستی خۆیان دادەنرێت، کە بەهۆیەوە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشرا، هەروەها نەتەوە و ئاینەکانی عێراق، ئیسرائیل، لوبنان، سووریا و فەلەستینی پەرت کرد.
